بۆچی مووسڵ كەوت؟ عەلی قەنبەر و غێدان دەیانگوت لە بەغدا فەرمان وەردەگرین

مووسڵ-KDP.info- بە گوێرەی زانیاریی ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، فەرماندەكانی سوپای عێراق (عەلی قەنبەر) و (غێدان) پێش داگیركردنی مووسڵ لە بەغدا وەك هێزی زەوی هاتبوون و دەیانگوت، "ئێمە فەرمان لە پارێزگاری مووسڵ وەرناگرین و ئەوەی بەغدا دەیڵێ ئەوە فەرمانە و جێبەجێی دەكەین".
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (سەیدۆ چەتۆ شنگالی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "لەسەر داوای لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ، ئێمە ئەمڕۆ ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە بەغدا ئامادە بووین كە ژمارەمان 18 ئەندام بوو و لەگەڵ لیژنەی كەوتنی مووسڵ كۆ بووینەوە و ژمارەیەكی دیكەی ئەندامانیش ماون لەگەڵ ئەو لیژنەیەدا كۆ ببنەوە".
(سەیدۆ شنگالی) لەبارەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی كەوتنی مووسڵ گوتی، گشت را و بۆچوونەكانیان وەرگیراون كە چۆن مووسڵ وای بەسەر هات و كێ كەمتەرخەم بووە و بۆچی مووسڵ وا بە ئاسانی داگیر كرا.
(شنگالی) دەشڵێت، كەوتنی مووسڵ كارێكی وا ئاسان نەبوو، چونكە دووەم پارێزگای گەورەی عێراقە، چۆن دەبێ وا بە ئاسانی داگیر بكرێت، ئەو كات وەك هێزی زەمینی (عەلی قەنبەر) و (غێدان) لە بەغدا هاتبوون و بە پارێزگاری مووسڵیان دەگوت ئێمە هیچ فەرمانێك لە ئێوە وەرناگرین و تەنیا فەرمانی بەغدا جێبەجێ دەكەین.
پارێزگای مووسڵ دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە لە دوای بەغدا كە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە شەوی 9/10ی حوزەیرانی 2014 هاتە داگیركردن و بەو هۆیەوە خەڵكێكی زۆری ئەو شارە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون.
نەشوان بەرزنجی




