ئۆباما ستراتیژێكی بەهێزی بۆ شەڕی داعش نییە.. ئەو شەڕە پێویستی بە سەربازی زەمینی هەیە

ئەمەریكا-KDP.info- سیناتۆر (كێلی ئایۆت) لە ماڵپەڕی (زە هیڵ)-ی ئەمەریكاییدا، ڕەخنەی لە (ئۆباما) گرتووە كە سیاسەتێكی بەهێزی لە شەڕی داعشدا نییە و، بەو هۆیەوە زیان بە ئەمریکا دەگەیەنێت.
سیناتۆر (كێلی ئایۆت) لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی (زە هێڵ) دەڵێت، سیاسەتی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (باراک ئۆباما) لە شەڕی دژ بە داعشدا بەهێز نییە، رەخنەی لێدەگرێت و هۆشداری پێدەدات کە،ئەم سیاسەتە ناڕوونەی (ئۆباما) زیان بە ئەمەریكا دەگەیەنێت.
پێشتر (كێلی ئایۆت) بۆ فۆكس نیوز قسەی كردبوو و گوتبووی، ئەو ستراتیژییە لاوازە زەنگێكی مەترسیدارە.
(كێلی) گوتی، "پێم وایە نیگەرانییەكی ڕاستەقینە هەیە نەك تەنیا لە لاوازیی ستراتیژیدا، بەڵكە كاتێك تۆ دەتەوێت ببیە سەرۆك، بۆ ئەوەی هەمووان كۆ بكەیەوە پێویستە توانادار بیت".
هەڵبەت (كێلی ئایۆت)ـی سیناتۆر لە لیژنەی خزمەتگوزاریی سەربازیدایە و هەروەها ژمارەیەک سیناتۆری دیكەیش هەمان نیگەرانییان هەیە كە ستراتیژی ئەمەریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش خزمەتی لەناوبردنیان ناكات، بەڵكە لەجیاتی ئەوە، گرووپە توندڕۆكان لە ناوچەكەدا گەشەدار دەكات.
جێی باسە ئەو قسانەی (كێلی ئایۆت)ـی سیناتۆر لە كاتێكدان كە (جاك هێگڵ)-ی وەزیری بەرگرییش لە چاوپێكەوتنێكیدا كە هەینیی ڕابردوو لەگەڵ (سیئێنئێ) ئەنجامی دابوو، ددانی بەوەدا نابوو كە لەوانەیە هێزی سەربازیی زەمینی بۆ شەڕی داعش پێوست بن.
و/ خالید ئەحمەد




