كۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی دادێ، بودجەی هەرێم و پێشمەرگە دەگات

بەغدا-KDP.info- ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (سیروان سیرینی)، پێشبینی دەكات كە، بودجەی هەرێم و پێشمەرگە كۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی دادێ رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (سیروان سیرینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند كراوە و رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق كراوە، بۆیە لەوێدا زۆر دوا ناكەوێت و پەسەند دەكرێت، چونكە هیچ كێشەیەكی نییە و پێشتر رێككەوتنی بۆ كراوە.
(سیروان سیرینی) گوتیشی، چاوەڕوان دەكرێت لەم هەفتەیەدا دەست بە خەرجكردنی بودجە بكرێت و لە كۆتایی یاخود سەرتای ھهەفتەی داهاتوویشدا بودجەی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە رەوانە بكرێت.
(سیرینی) راشیگەیاند، لەمەودوا هیچ كێشەیەك بۆ ناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان نامێنێت و بە بەردەوامی وەكو جاران رەوانە دەكرێت.
بڵند ئیبراھیم




