پێشبینی دەکرێت دوای واژۆکردنی بودجە پشکی هەرێم رەوانە بکرێت

بەغدا-KDP.info-پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێ، زۆر لایەن هەبوون دەیانویست کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە پشکی هەرێم لە بودجەدا کەمبکەنەوە بەڵام ئەوەیان بۆ نەچووە سەر؛ هەروا پێشبینی دەکات کە دوای واژۆکردنی بودجە لەلای سەرۆککۆماری عێراق، یەکڕاست پشکی هەرێم رەوانە بکرێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان (نەجیبە نەجیب) بەماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، بودجەی 2015ـی گشتیی عێراق بە تەوافقی لایەنە سیاسییەكان پەسەند كرا، هۆكاری زوو پەسەندكردنی بوودجەیشی بۆ ئەو رێكەوتنەی نێوان هەولێر و بەغدا گەڕاندەوە کە بەزووی و بەبێ ئاستەنگدروستکردن بودجە پەسەند کرا.
(نەجیبە) دەڵێت، پشکی هەرێم ئیدی بە ١٧% جێگیرکرایەوە، زۆر لایەن هەبوون بەهۆی کەمبوونەوەی نرخی نەوت دەیانویست بودجەی هەرێمی کوردستان کەمبکرێتەوە، بەڵام ئەمەیان بۆ نەچووە سەر، بۆیە دەڵێم کە جێگیرکردنەوەی پشکی هەرێم بە ١٧% دەستکەوتێکی گرینگ بوو. هەروا گوتیشی کە، بودجەی پێشمەرگە دەستكەوتێكی دیكەیە بۆ هەرێمی كوردستان، كە لە ساڵی 2003 تا ئەمڕۆ حكوومەتی عێراق بودجەی پێشمەرگەی رەوانە نەكردووە كە هەموو ساڵێك دەهاتە نێو بوودجە، بەڵام بۆ كوردستان رەوانە نەدەكرا، بەڵام لەمەودوا بودجەی پێشمەرگەش لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگری عێراق خەرج دەکرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران سەبارەت بە پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند کە، پارێزگای هەڵەبجە جگە لەوەی لە 17% پشكی هەرێمی كوردستان بوودجەی دەبێت، لە بوودجەی گشتیی عێراقیش 2 ملیار دیناری بۆ تەرخانکرا کە بۆ ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجەیە و بە فەرمی وەک پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان ناسێندرا؛ ئەوەش دەستکەوتێکی دیکە بوو کە لە بودجەدا بە دەست هێنرا.
(نەجیبە نەجیب) ئاماژەیشی کرد، دەبوو تا ئێستا حكوومەتی عێراق بودجەی هەرێمی كوردستانی رەوانی هەرێمی کوردستانی کردبا، چونكە لە سەرەتای ساڵی نوێ حكوومەتی هەرێم پابەندە بەو ڕێكەوتنەی كراوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت دوای واژۆکردنی بودجە لەلایەن سەرۆككۆماری عێراق، یەکڕاست بوودجەی هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت.
رابین شێروانی




