هێگڵ: دواجار ئەمەریکا ناچار دەبێ هێزی پیادە بنێرێتە عێراق

واشنتن-KDP.info- وەزیری بەرگریی ئەمەریکا(چاک هێگڵ) دەڵێت، دواجار وڵاتە یەکگرتووەکان ناچار دەبێ هێزی پیادە بنێرێتە عێراق و لە بەرپەرچدانەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامیدا ڕۆڵی زیاتر ببینێ.
(هێگڵ) کە لە مانگی نۆڤەمبەر-تشریتنی دووەمدا لەژێر گوشاردا دەستی لە کار کێشایەوە، دوێنێ بە سی ئێن ئێنی گوتووە، پێویستە کۆی بژاردەکان پێوەست بە عێراق لەبەرچاو بگیرێن و لێیان بکۆڵرێتەوە، بە ڕەوانەکردنی هێزێک کە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و دیاریکردنی ئامانجەکانی تیرۆریستانی داعشی هەبێت؛ هەڵبەت شەڕکەر نابن.
ئەم قسانەی (هێگڵ) دووپاتکردنەوەی هەمان ئەو قسانەیە کە سەرۆکئەرکانی هاوبەشی ئەمەریکا، ژەنەڕاڵ(مارتن دێمبسی) لە پاییزی ڕابردوودا لەبەردەم کۆنگرێسدا کردنی و، باوەڕی وابوو کە وڵاتەکەی ناچار دەبێ لەسەر خاکی عێراقدا ڕۆڵی زیاتر ببینێ.




