٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بڕیارێك بۆ پشتیوانیی كەیسە نەتەوەییەكان دەردەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info- نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان رایگەیاند، بڕیاریان داوە لەمەودوا خۆبەخشانە پارێزەر بۆ هەموو كەیسە نەتەوەیی و نشتیمانییەكان دابین بكەن.

نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان (وریا سەعدی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، سەندیكای پارێزەران بۆ كەیسە نەوەییەكان  بڕیاری دا خۆبەخشانە كار بكات.
گوتیشی، "پێشتر بۆ كەیستی بەرگریكردن پارێزەران پارەیان وەردەگرت، بەڵام بڕیارمان دا بۆ هەموو كەیسە نەتەوەییەكان بە تایبەت كەیسی كەسوكاری شەهیدان و كەیسی جینۆساید و كەیسی شنگال و كەیسە نەتەوەییەكانی دیكە خۆبەخشانە كار بكەین".
دەشڵێت، پێشووتر بۆ ئەو كەیسانە  وەزارەتی شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوەكان و حكوومەت پارێزەریان دەگرت بە مووچەی مانگانە یان پارەیان بۆ خەرج دەكردن، بەڵام لەمەودوا سەندیكای پارێزەرانی كوردستان خۆی ئەو كارە لە ئەستۆ دەگرێت و خۆبەخشانە ئەنجامی دەدات.
نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ئاماژەی بەوە دا كە، "بە هاوبەشی لەگەڵ وەزیری شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوەكان ئەو بڕیارەمان داوە و وەزارەتی شەهیدان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستخۆشییان لەو هەنگاوە كردووە، ئێمەش بە كاری خۆمان زانیوە پشتیوانی لە كێشە و كەیسە نەتەوەیی و نشتیمانییەكان بكەین و پارێزەریان بین".

سەندیكای پارێزەرانی  كوردستان لە ساڵی 1993-دا دەمەزراوە و ئێستا  10 هەزار پارێزەر  ئەندامی ئەو سەندیكایەن.
یەحیا سابیر
 

هەواڵی پەیوەندیدار