٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەندامێکی لیژنەی یاسا: داعش خراپ شنگالیان زامدار کرد، بەڵام زامەکەی پەکەکە بەسۆترە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _kdp.info_ ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، داواکەی پەکەکە بۆ ئەوەی شنگال بکەنە کانتۆن پێچەوانەی یاسایه‌ و، دەستوەردانە لە کاروباری عێراق، بۆیە بە ھیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت.

موحسن سەعدوون، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە پێی یاسا شنگال شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای مووسڵە و، دوای دروستبوونی عێراقی نوێ و، دەستووری عێراق، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەدێ و شارۆچکەکان کرا و، خەڵکی شنگال ئەو ئیدارەیانە بە دەنگدان بۆ خۆیان دروست کرد،کە سێ شارەدێ سەر بە شارۆچکەی شنگالە."
موحسین سەعدوون، گوتیشی، دوای ئەوەی داعش زامێکی قوڵی بۆ شنگالیان دروست کرد، لەئێستادا پەکەکە زامێکی گەورەتر بۆ شنگالیان دروست دەکەن، چونکە دەست لە کاروباری عێراق وەردەدەن و داوای کارێکی ناقانوونی دەکەن .
ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ڕوونیشی کردەوە، بەپێی یاسا و دەستوور شنگال سەر بە حکوومەتی ناوەندە، بەڵام بە گوێرەی مادەی 140 ــ ئەگەر جێبەجێ بکرێت ــ دەبێتە بەشێک لە ھەرێمی کوردستان و، ئێستا ئێمە کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو مادەیە دەکەین.
ئەو پەرلەمانتارە ڕایشیگەیاند: "ئێستادا کاتی ئەو کارە نەبوو، چونکە کار بۆ رزگارکردنی شنگال دەکرێت و نە خەڵکی شنگال و نە ناوچەکانی دیکە رازی نین وقبوڵیشی ناکەن شنگال بکرێتە کانتۆن.
موحسین سەعدوون، گوتیشی، ئێستا پێشمەرگە چووە بۆ کۆبانێ و، شەری داعش دەکات، ئایە دەکرێت لەوێ پێشمەرگە داوای دروستکردنی ئێدارەیەک بکات؟
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی گوتیشی، شنگالیان قوربانییەکی زۆریان لەپێناو ھەرێمی کوردستاندا بەخشیوە، تەنیا لە گردعوزێر 300 کەس بوونە قوربانی و، ئێستا لەسەر حازری پەکەکە بێت و، بڵێت ئیدارەیەکی نوێ دروست دەکەین! ئەمە تەنیا لە خزمەت دژمنی کورددایە و، سوود بە کەس ناگەیێنێت و، لێشیان قەبووڵ ناکرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند، ئێمە دەتوانین ئەو پرسە لە پەرلەمانی عێراق بورووژێنین، بەڵام نامانەوێت دڵی دژمنەکانمان خۆش بێت و، بڵێن کورد کێشەی لە ناو خۆیدا ھەیە.
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار