لایەنگرانی نووری مالیکی لە پەرلەمان، ناتوانن پەکی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بخەن

بەغدا _kdp.info_ بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، ھەندێ پەرلەمانتار وا خەریکن واژۆ کۆ دەکەنەوە بەشکەم ڕێککەوتننامەکەی نێوان ھەولێر و بەغدا، لە کەڵک بخەن؛ پێیان وایە ئەو ڕێککەوتنە لە بەرژوەندیی ھەرێمی کوردستاندایە. پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەو کەسانە دارودەستەی (نووری مالیکی)ـنە و، دژایەتیی حکوومەتەکەی عەبادییش دەکەن، بەڵام هیچیان پێ ناکرێ.
(موحسن سەعدوون)، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕیی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتی عێراق بە کۆی دەنگ لە ئەنجومەنی وەزیراندا پەسەند کراوە و، ناردوویانە بۆ پەرلەمان؛ ئەوانەی دژایەتیی ڕێککەوتنەکەی نێوان ھەرێم و بەغدا دەکەن، دارودەستەی (نووری مالیکی)ـن و، دژایەتیی حکوومەتەکەی (حەیدەر عەبادی) دەکەن، بەڵام هیچیان پێ ناکرێت و، پڕۆژەیاسای بوودجە هەر پەسند دەکرێت؛ چونکە پڕۆژەیاساکە، بەژوەندیی ھەموو خەڵکی عێراقی تێدایە، نەک هەر ھەرێمی کوردستان."
(موحسین سەعدوون) گوتیشی: "ئەم چوارشەممە، پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە دەکات و، لەم مانگەیشدا پەسەند دەکرێت. خۆی رێککەوتنەکەی ھەرێم و بەغدا، پەیوەستە بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بوودجەوە، ھەرکاتێک پڕۆژەیاساکە پەسەند کرا، ڕێککەوتنەکەیش جێبەجێ دەکرێت."
بڵند ئیبراھیم




