نێچیرڤان بارزانى: چین متمانه‌ى به ئێستا و دواڕۆژى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه..هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتییدا ژمارەیەکی بەرچاوە
هەولێر-KDP.info-سەرۆکوەزیرانی کوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) لە مەڕاسیمی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری چینی میللی لە هەولێر رایگەیاند کە، هه‌رێمی كوردستان ئێستا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ژماره‌یه‌كی به‌رچاوه و خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕى كه، ئه‌مڕۆ چین خوازیاره پێوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان بخاته قۆناغێكى تازه‌وه و كردنه‌وه‌ى كونسوڵخانه‌ى گشتیى وڵاته‌كه‌ى له هه‌ولێر، به ماناى هه‌بوونى متمانه‌ى چین به ئێستا و دواڕۆژى هه‌رێمى كوردستان و پێگه‌ى دیارى هه‌رێم له ئاستى عیراق و نێوده‌وڵه‌تیدا، ناو برد.
نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 30-ى دیسه‌مبه‌رى 2014، سه‌رۆكوه‌زیرانى كوردستان (نێچیرڤان بارزانى)، به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى كونسوڵخانه‌ى گشتیى كۆمارى چینى میللی‌دا له ساڵۆنى هۆتێلى دیڤان له هه‌ولێر كرد، كه به به‌شداریى جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى چین و شاندێكى یاوه‌رى و ژماره‌یه‌كى دیارى میوانان له كونسوڵه‌كانى وڵاتانى بیانى له هه‌ولێر و جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیرانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێوه چوو.
له وته‌یه‌كدا كه به‌م بۆنه‌یه‌وه پێشكه‌شى كرد، (نێچیرڤان بارزانى) وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به به‌شداریكردنى له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، به‌خێرهاتنى جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى چین و شاندى یاوه‌رى كرد كه، به‌تایبه‌تى بۆ به‌شداریكردن له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا هاتوونه‌ته هه‌ولێر.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یشی کرد کە، چین یه‌كێك له زلهێزه‌كان و ئابوورییه گه‌وره و سه‌ركه‌وتووه‌كانى جیهان و ئه‌ندامێكى هه‌میشه‌ییى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى و خاوه‌ن پێگه و شوێنێكى دیار و كاریگه‌ریى به‌رچاوه له ئاستى نێوده‌وڵه‌تیدا و هه‌رێمى كوردستان كه سیاسه‌تى "ده‌رگاى كراوه" په‌یره‌و ده‌كات، هه‌میشه خوازیارى ئه‌وه بووه پێوه‌ندیى پته‌وى له‌گه‌ڵدا هه‌بێت و هه‌وڵى داوه له هه‌موو بواره‌كاندا پێوه‌ندیى دۆستانه‌ى بنیاتنراو له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش، له‌گه‌ڵ چیندا دروست بكات.
سه‌رۆكوه‌زیرانی کوردستان گوتی کە، كردنه‌وه‌ى كونسوڵخانه‌ى گشتیى چینى له هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك یه‌كه‌مین هه‌نگاوى گرینگ و فه‌رمیى بنیاتنانى پێوه‌ندییه‌كان و ده‌ستپێكى قۆناغێكى تازه‌یە، كه ده‌بێته ده‌رفه‌تێكى باش تاكوو هه‌ردوولا گرینگیى زیاتر به فراوانكردنى پێوه‌ندییه‌كانیان بده‌ن و هه‌موو بواره‌كانى سیاسى، ئابوورى، ژێرخانى، كه‌لتوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى بگرێته‌وه، به‌تایبه‌تى كه هه‌رێمى كوردستان ده‌توانێ سوود له ئه‌زموونه ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌ركه‌وتووه‌كانى چین له هه‌موو بواره‌كاندا وه‌ربگرێت. جگه له‌وه‌ى كه به كردنه‌وه‌ى كونسوڵخانه‌ى چین، هه‌ر پێنج ئه‌ندامى هه‌میشه‌ییى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى، ئێستا له هه‌ولێر كونسوڵخانه‌یان هه‌یه و ئه‌مه‌ش مایه‌ی خۆشحاڵیى هه‌رێمى كوردستانه.
(نێچیرڤان بارزانى) دووپاتى كرده‌وه كه، هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك چۆن بۆ پرۆسه‌ى بنیاتنان و پێشكه‌وتن، چاوى له هاوبه‌شه، به هه‌مان شێوه‌ش چاوى له پشتگیرى و هاوكاریى زیاترى دۆستان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت باشتر به‌سه‌ر تیرۆرستاندا سه‌ركه‌وێت، كه به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی و ڕاسته‌قینه‌ی بۆ سه‌ر ته‌واوی مرۆڤایه‌تی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، له قه‌ڵه‌م دا.
رۆشنای خستە سەر ئه‌وه‌ش كه ئه‌مڕۆ هه‌رێمى كوردستان به ته‌نیا نییه و ڕاسته پێشمه‌رگه له‌سه‌ر زه‌وى ڕووبه‌ڕووى تیرۆر بووه‌ته‌وه، قوربانى ده‌دات، ده‌ستپێشخه‌رى خستۆته‌وه ده‌ست خۆى و ڕۆژانه داعش تێكده‌شكێنێت، به‌ڵام جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه پشتگیرى و هاوكاریى دۆستانى هه‌ێمى كوردستان، به‌تایبه‌تیش هێرشه ئاسمانییه‌كان، پشتیوانییه‌كى گه‌وره‌ن بۆ پێشمه‌رگه و مۆراڵێكى گه‌وره‌یان به خه‌ڵكى كوردستان به‌خشیوه، كه مایه‌ی سوپاس و ڕێز و پێزانینه.
بۆیه هیواى خواست چینیش به كردنه‌وه‌ى كونسوڵخانه‌ى گشتىی له هه‌ولێر، چ له ڕووى سه‌ربازییه‌وه، چ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى قه‌یرانى مرۆیى، كه له ئه‌نجامى هه‌بوونى نزیكه‌ى دوو ملیۆن ئاواره‌ى ناوخۆ و په‌نابه‌رى سووریا، ڕووى له هه‌رێمى كوردستان كردووه، به شێوه‌یه‌كى كاراتر هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان بكات.
هه‌روه‌ها باسى له‌وه كرد هه‌رێمی كوردستان ئێستا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ژماره‌یه‌كی به‌رچاوه و خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕى كه ئه‌مڕۆ چین خوازیاره پێوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان بخاته قۆناغێكى تازه‌وه و كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى گشتیى وڵاته‌كه‌ى له هه‌ولێر، به ماناى هه‌بوونى متمانه‌ى چین به ئێستا و دواڕۆژى هه‌رێمى كوردستان و پێگه‌ى دیارى هه‌رێم له ئاستى عیراق و نێوده‌وڵه‌تیدا، ناوزه‌د كرد.
له كۆتاییى وته‌كه‌یدا سوپاسى كونسوڵى گشتیى كۆمارى چینى له هه‌رێمى كوردستان كرد، كه وه‌ك گوتى: "به‌ر له وه‌رگرتنى ئه‌م پۆسته‌ش، به‌رده‌وام هه‌وڵى داوه، په‌ره به پێوه‌ندییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان بدات"، بۆیه هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها سوپاسى چینى كرد بۆ ئه‌و هاوكارییه مرۆییانه‌ى كه پێشكه‌ش به هه‌رێمى كوردستانى كردووه.
دەقی گوتاری سەرۆکوەزیرانی کوردستان (نێچێرڤان بارزانی) لە مەڕاسیمی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری چینی میللی
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ئه‌م كاته‌تان باش،
هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن..
خۆشحاڵم كه ئه‌مڕۆ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا له‌گه‌ڵ ئێوه‌ى به‌ڕێز به‌شدارم، هه‌روه‌ها شاندى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و په‌رله‌مانیش كه ته‌شریفیان لێره‌یه و هه‌موو كونسوڵخانانه‌ى كه هاتوون، هه‌موو لایه‌ك به خێر بێن. ئه‌مرۆ ئێمه لێره به‌شدارى ده‌كه‌ین له كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى گشتیى كۆمارى چینى میللى، له هه‌ولێر. سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ پڕ به‌دڵ به‌خێرهاتنى به‌ڕێز "ژانگ مینگ" جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى چین و شاندى یاوه‌رى بكه‌م، كه به‌تایبه‌تى بۆ به‌شداریكردن له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا ته‌شریفیان هێناوه بۆ هه‌ولێر، به‌خێر بێن.
بێگومان كۆمارى چینى میللى، وه‌ك یه‌كێك له زلهێزه‌كان و ئابوورییه گه‌وره و سه‌ركه‌وتووه‌كانى جیهان و وه‌ك ئه‌ندامێكى هه‌میشه‌ییى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى، له ئاستى نێوده‌وڵه‌تیدا خاوه‌ن پێگه و شوێنێكى دیار و كاریگه‌رییه‌كى به‌رچاوى هه‌یه، بۆیه هه‌رێمى كوردستان كه سیاسه‌تى "ده‌رگاى كراوه" په‌یره‌و ده‌كات، هه‌میشه خوازیارى ئه‌وه بووه په‌یوه‌ندیى پته‌وى له‌گه‌ڵ كۆمارى چیندا هه‌بێت و هه‌وڵى داوه له هه‌موو بواره‌كاندا، په‌یوه‌ندیى دۆستانه‌ى بنیاتنراو له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش، له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته گرنگه‌ى جیهاندا، دروست بكات.
كردنه‌وه‌ى كونسوڵخانه‌ى گشتیى چین له هه‌رێمى كوردستان، كه پێوه‌ندییه‌كى كۆنى له‌گه‌ڵ عیراق هه‌یه، یه‌كه‌مین هه‌نگاوى گرینگ و فه‌رمیى بنیاتنانى ئه‌م پێوه‌ندییه و ده‌ستپێكى قۆناغێكى نوێیه له پێوه‌ندییه‌كان، كه ده‌بێته ده‌رفه‌تێكى باش تاكوو هه‌ردوولامان گرینگیى زیاتر به فراوانكردنى پێوه‌ندییه‌كانمان بده‌ین و هه‌موو بواره‌كانى سیاسى، ئابوورى، ژێرخانى، كه‌لتوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى بگرێته‌وه، به‌تایبه‌تى ئێمه له هه‌رێمى كوردستان سوود له ئه‌زموونه ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌ركه‌وتووه‌كانى چین له هه‌موو بواره‌كاندا وه‌ربگرین. هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ به‌م شێوه‌یه پێنج ئه‌ندامى هه‌میشه‌ییى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى، ئێستا له هه‌ولێر كونسولخانه‌یان هه‌یه، كه ئه‌مه مایه‌ی خۆشحاڵیى هه‌رێمى كوردستانه.
بێگومان ئێمه له هه‌رێمى كوردستان وه‌ك چۆن بۆ پرۆسه‌ى بنیاتنان و پێشكه‌وتن، چاومان له هاوبه‌شه، به هه‌مان شێوه‌ش چاومان له پشتگیرى و هاوكاریى زیاترى دۆستان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین باشتر به‌سه‌ر تیرۆرستاندا سه‌ركه‌وین، كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی و ڕاسته‌قینه‌ن بۆ سه‌ر ته‌واوی مرۆڤایه‌تی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی.
خۆشبه‌ختانه ئه‌مڕۆ هه‌رێمى كوردستان به ته‌نیا نییه و ڕاسته پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانمان له‌سه‌ر زه‌وى ڕووبه‌ڕووى تیرۆر بوونه‌ته‌وه، قوربانى ده‌ده‌ن، ده‌ستپێشخه‌رییان خستۆته‌وه ده‌ست خۆیان و ڕۆژانه له به‌ره‌كانى شه‌ڕ داعش تێكده‌شكێنن، به‌ڵام پشتگیرى و هاوكاریى دۆستانمان، به‌تایبه‌تیش هێرشه ئاسمانییه‌كان، پشتیوانییه‌كى گه‌وره‌ن بۆ پێشمه‌رگه و مۆراڵێكى گه‌وره‌شیان به خه‌ڵكى كوردستان به‌خشیوه كه مایه‌ی سوپاس و ڕێز و پێزانینمانه.
هیوادارین و چاومان له‌وه‌یه كه كۆمارى چینى میللیش، به كردنه‌وه‌ى كونسلخانه‌ى گشییان له هه‌ولێر، چ له ڕووى سه‌ربازییه‌وه، چ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى قه‌یرانى مرۆیى، كه له ئه‌نجامى هه‌بوونى نزیكه‌ى دوو ملیۆن ئاواره‌ى ناوخۆ و په‌نابه‌رى سووریا، ڕووى له هه‌رێمى كوردستان كردووه، به شێوه‌یه‌كى كاراتر هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان بكات.
هه‌رێمی كوردستان ئێستا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ژماره‌یه‌كی به‌رچاوه و خۆشحاڵین كه ئه‌مڕۆ كۆمارى میللیى چینیش، خوازیارى په‌یوه‌ندییه‌كانییه‌تى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كه ئه‌و په‌یوه‌ندییانه بخاته قۆناغێكى تازه و كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى گشتیى وڵاته‌كه‌ى له هه‌ولێر، به ماناى هه‌بوونى متمانه‌ى چینه به ئێستا و دواڕۆژى هه‌رێمى كوردستان و پێگه‌ى دیارى هه‌رێم له ئاستى عیراق و نێوده‌وڵه‌تیدا.
هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا ده‌مه‌وێ سوپاسى به‌ڕێز "تان بانگلین" كونسوڵى گشتیى كۆمارى چینى میللى له هه‌رێمى كوردستان بكه‌م، كه به‌ر له وه‌رگرتنى ئه‌م پۆسته‌ش، به‌رده‌وام هه‌وڵى داوه بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و له دڵه‌وه هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ ده‌خوازم. دوایین شت، زۆر سوپاسى كۆمارى چینى میللى ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و هاوكارییه مرۆییانه‌ى كه پێشكه‌ش به هه‌رێمى كوردستانى كردووه.
سوپاسى هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م، دووباره هه‌مووتان به‌خێر بێن، هیواى ساڵێكى تازه‌ى به‌خته‌وه‌ر بۆ هه‌موو لایه‌كتان و هیوادارم هه‌میشه سه‌ركه‌وتوو بن، زۆر سوپاس.




