گرووپی دۆستایەتیی كوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا بەڵێنی دا، کاری زیاتر بۆ پرسی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بکات

برۆكسڵ-KDP.info- شاندێكی كوردانی دانیشتووی ئەورووپا بۆ یادكردنەوەی ڕۆژی جیهانیی شنگال، سەردانی باڵاخانەی پەرلەمانی ئەورووپایان لە برۆكسڵ كرد. سەرۆكی گرووپی دۆستایەتیی كوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا(چارلس تەنۆك)، بەڵێنی پێ دان، کار دەکات بۆ ئەوەی لە ناوەندە فەرمییەكانی یەكیەتیی ئەورووپا، پتر گرینگی بەو پرسە بدرێت.
شاندەكە لە لایەن (دلاوەر خالید ئاژگەیی)ـیەوە یاوەری كران كە پێكهاتبوون لە (داسن فارووق بەگ) برازای (میر تەحسین بەگ)ـی میری ئێزدیان و (كامەران قاسم)ـی نوێنەری سەنتەری لالش لە ئەڵمانیا و ژمارەیەك لە ئەندامانی هەمان سەنتەر، لەلایەن سەرۆكی گرووپی دۆستایەتیی كوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا(چارلس تەنۆك)ـەوە پێشوازی كران .
شاندی ئێزدییەكان لەو دانیشتنەدا ئاماژەیان بە کۆمەڵکوژی و پڕۆسەی جینۆساید و ئەنفالی ئێزدییەكان دا، داوایشیان كرد یەكیەتیی ئەورووپا هاوركاریی زیاتری ئێزدییەكان بكات .
لای خۆیەوە (دلاوەر خالید ئاژگەیی) ڕایگەیاند، شاندی ئێزدییەكان یادداشتی خۆیان گەیاندە پەرلەمانی ئەورووپا، (چارلس تنۆك) لەلایەن خۆیەوە بەڵێنی دا لە ناوەندە فەرمییەكانی یەكیەتیی ئەورووپا پتر گرینگی بەو پرسە بدرێت .
كەنعان بەهادین




