٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەگوێرەی پڕۆژەیاسایەک: هەركەسێك بۆ ئەی ڕەقیب هەڵنەستێتەوە سزا دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-kdp.info-  سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن و هونەر لە پەرلەمانی كوردستان (فەرحان جەوهەر) دەڵێت، بۆچوونی یەكیەتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی و لیژنەی فەتوای هەرێمی كوردستانیان پێوەست بە سروودی نیشتیمانی ئەی رەقیب وەرگرتووە و دەركەوتووە، هیچ رستە و دێڕێكی دژی شەریعەتی ئیسلام نییە. جەختیشی كرد كە، بە گوێرەی پڕۆژەیاسایەك هەر كەسێك لە كاتی ئەو مارشەدا هەڵنەستێتەوە بە 500 هەزار دینار سزا دەدرێت.

 

سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن و هونەر لە پەرلەمانی كوردستان (فەرحان جەوهەر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، دوای ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای سروودی نیشتیمانی ئەی رەقیب، خۆشبەختانە ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و رەوانەی هەردوو لیژنەی رۆشنبیری و یاسایی كراوە، راپۆرتێكی هاوبەشی پێوەست بەم پرسەیش ئامادە دەكەین و رەوانەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی دەكەین، بۆ ئەوەی بیخاتە بەرنامەی كار و گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و، پەسەند بكرێت.

(فەرحان جەوهەر) گوتیشی، لیژنەی ئەوقاف لە پەرلەمان داوای كرد ئەو پڕۆژەیاسایە رەوانەی لیژنەكەی ئەوان بكرێت، بەڵام ئێمە داوامان كرد بۆیان رەوانە نەكرێت، چونكە پێشتر لیژنەی فەتوای هەرێم و یەكیەتیی زانایانی ئیسلامی رای خۆیان لەسەر داوە كە ئەم سروودە هیچ رستە و، وشەیەكی دژی شەرعی دینی ئیسلام  تێدا نییە، بۆیە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ ئەو لیژنەیەی رەوانە نەكرد.


پێوەست بە مافی پێكهاتەكان لەو سروودە، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی روونی كردەوە، مافی پێكهاتەكان لە سروودی نیشتیمانی ناپارێزرێت، بەڵكە پێویستە لە دەستوور و یاسا و بەڕێوبەردنی جومگەكانی حوكمڕانی بپارێزرێت، بۆیە ئەو سروودە وەك خۆی دەبێت لە رووی دەق و ئاوازەوە و هیچ گۆڕانكاریەكی بەسەردا نایەت.


(جەوهەر) دەشڵێت، ئەو سروودە نزیكەی  70ساڵە هەیە و بووەتە مارشێكی نەتەوەیی و هەر چوار پارچەی كوردستان لەسەری كۆكن. ئاماژەیشی دا، پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی  فڕاكسیۆنە گەورەكان پێوەست بەو سروودە كۆكن كە وەك خۆی بێت و هیچ گۆڕانكاریەكی تێدا نەكرێت.

بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیاسایە ئەوەی لەبەر ئەم سروودە هەڵنەستێتەوە بە500 هەزار دینار سزا دەدرێت. ئەم سروودە تێكستەكەی لەلایەن شاعیری گەورە (دڵدار)ـەوە دانراوە و ئاوازەكەیشی لەلایەن (شێخ حوسێن بەرزنجی)ـیەوە دانراوە.


بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار