مەسروور بارزانی پێشوازیی لە عەلی باپیر كرد.. جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی هەرێم و یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكان كرایەوە

هەولێر-KDP.info- "پێویستە ئەولەوییەتی هەمووان پاراستنی ئەو سەقامگیرییە بێت كە هەرێمی كوردستان لە ئاستی جیهاندا پێی ناسراوە"، ئەم گوتانە لە دیداری ئەمڕۆی نێوان راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییش (مەسروور بارزانی) و ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان (عەلی باپیر)ـدا، جەختیان لێ كرایەوە.
راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی)، ئەمڕۆ پێشوازی لە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان مامۆستا (عەلی باپیر) و شاندی یاوەری، كرد.
لە دیدارێكدا، وێڕای بە گەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوان، گفتوگۆی پێوەست بە بارودۆخی كوردستان، عێراق و ناوچەكە كرا، هاوڕایی و هەماهەنگی و یەكدەنگی بەرامبەر هەڕەشەكانی سەر كوردستان و بە تایبەتی پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، دووپات كرایەوە.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا خۆڕاگری و قارەمانەتیی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، پاشەكشەكردنیان و، رزگاركردنی چەند ناوچەیەك، بەرز نرخێندران.
هاوكات لە دیدارەكەدا، ئاماژە بەوەیش كرا كە، داعش زیانی بۆ ئایین، پێكەوەژیان و لێبوردەیی هەیە، چونكە رێز لە هیچ جیاوازییەك ناگرێ و، باوەڕی بە هیچ بەهایەكی مرۆڤایەتی نییە.
لە كۆتایی دیدارەكەیشدا جەخت لە پاراستنی سەقامگیری، ئارامیی هەرێمی كوردستان و یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكان كرایەوە، كە پێویستە ئەولەوییەتی هەمووان پاراستنی ئەو سەقامگیرییە بێت، كە هەرێمی كوردستان لە ئاستی جیهاندا پێی ناسراوە.




