فازڵ بەشارەتی: پێدانی پۆستی قایمقامی هەڵەبجە بە پارتی رێككەوتنی بۆ كراوە و خێرپێكردن نییە

هەڵەبجە-KDP.info- بەپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە (فازڵ بەشارەتی) رایدەگەیەنێت كە، ئەگەر پارتی پۆستی قایمقامی پێ بدرێت، ئەوا خێری پێ نەكراوە، هاوكات دەشڵێت، شەممەی داهاتوو لە بارەگای لق، لایەنەكان بۆ رێككەوتنی پۆستە ئیدارییەكان، كۆ دەبنەوە.
بە مەبەستی رێككەوتن لەسەر پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگای هەڵەبجە، راگەیەندرا كە، پۆستی قایمقامی ناوەندیی پارێزگای هەڵەبجە بە پارتیی دیموكراتی كوردستان دەدرێت، بەڵام لە ئێستادا دەگوترێت، لایەنەكان ئەو پۆستە بە پارتی نادەن و پەشیمان بوونەتەوە.
پێوەست بەو پرسە، بەرپرسی لقی 12ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە (فازڵ بەشارەتی)، بە kdp.info-ی راگەیاند، "لە راگەیەندنەكاندا باس كراوە كە، برادەرانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، نایانەوێ ئەو پۆستە بە پارتی بدرێت و پەشیمان بوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی ئاگادار نەكراوینەتەوە".
(بەشارەتی) گوتیشی، "چەند پۆستێكی دیكەی ئیداری لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ماون دابەش بكرێن، بۆیە بڕیارە لە 15ـی ئەم مانگەدا كۆبوونەوەیەكی دیكە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان، لە بارەگای لقی پارتیی دیموكراتی كوردستان بەڕێوە بچێت و، ئەو پۆستانە یەكلا بكرێنەوە، ئەو كاتیش پرسی پەشیمانبوونەوە لە پێدانی ئەو پۆستە بە پارتی، ئاشكرا دەبێت".
ئەو هەروەها روونیشی كردەوە، "پێدانی ئەو پۆستە بە پارتیی دیموكراتیی كوردستان خێرپێكردن نییە، رێككەوتنی لەسەر كراوە و چۆن پۆستەكانی دیكە بۆ لایەنەكانی دی دەبن، وەهایش ئەو پۆستە بۆ ئێمەیە، بۆیە هیوادارین ئەو هەواڵە نەچێتە بواری كرداری و كۆمەڵێكی پۆستی گرینگ هەن و پێویستە یەكێك لەو پۆستانە بۆ پارتیی دیموكراتی كوردستان، بێت".
زیاتر گوتی، "ئێمە بە هیچ شێوەیەك گرفت بۆ پارێزگای هەڵەبجە دروست ناكەین و زۆر جاریش پۆستمان بە دەست هێناوە، بەڵام بۆ یەكخستنی نێو ماڵی كوردی، بە لایەنەكانی دیكەمان داوە، هەر پۆستێكیش بە شاییستەی خۆمان نەزانین، وەری ناگرین و قبووڵیشی ناكەین".
جێی ئاماژەیە، هەڵەبجە بە بڕیاری سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، لە 13-ئازاری-ئەمساڵدا كرایە پارێزگا و دواتریش لە لایەن سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە بڕیارەكە پەسەند كرا. تا ئێستایش لایەنە سیاسییەكان بۆ دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی ئەو پارێزگایە، بە رێك كەوتن نەگەییشتوون.
بڵند ئیبراهیم




