٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی ناوچەی زوممار داوا لە دانیشتوانەکەی دەكات جارێ نەگەڕێنەوە.. سێ خێزان خانووەكانیان پێدا تەقیونەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

زوممار-KDP.info-  هێزی پێشمەرگە داوا لە خەڵكی زوممار و دەوروبەری دەكات، جارێ بۆ سەر ماڵوحاڵیان نەگەڕێنەوە، چونكە مین و تەقەمەنییەكی زۆر چێنراوە و تەنیا لە دوو رۆژی رابردوویشدا، سێ خێزان خانووەكانیان پێدا تەقیونەتەوە و ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید بوون.

بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە زممار (ساڵح میرانی)، بە KDP.info-ی راگەیاند، زوممار لەگەڵ نزیكەی 30 گوند لە داعش پاك كراونەتەوە و لە ئێستادا هێزی پێشمەرگەیان تێیدا جێگر كراون، بەڵام داعش مین و تەقەمەنییەكی زۆری لەو ناوچەیە داناوە و هێزی پێشمەرگەیش لە پاككردنەوەیان بەردەوامە.

(میرانی) گوتیشی، هێزی پێشمەرگە داوا لە خەڵكی زوممار و دەوروبەری دەكات، جارێ نەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵیان تاوەكو بە تەواوەتی لە مین و تەقەمەنی پاك دەكرێتەوە و هەر كاتێكیش پاك كرایەوە، ئەو كات دەتوانن بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان.

ئەو بەرپرسە زیاتر گوتی، "تەنیا لە دوو رۆژی رابردوودا، سێ خانوو بە سێ خێزاندا تەقیونەتەوە و لە ئاكامدا ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید بوون، بۆیە لە رێگەی ماڵپەڕەكەی ئێوەوە داوا دەكەین تا بە تەواوەتی ناوچەكە پاك دەكرێتەوە، هیچ كەسێك بۆ ناوچەكە نەگەڕێتەوە".

ئەوەیشی خستە ڕوو كە، هێزی پێشمەرگە لە پاككردنەوەی ناوچەكە لە مین و تەقەمەنی بەردەوامە و تاوەكو ئێستایش زۆر شوێن پاك كراونەتەوە.
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار