عەمید سەرحەد قادر: حەق نییە راگەیاندن ترس و دڵەڕاوكێ لای خەڵكی كەركووك دروست بكات

كەركووك-KDP.info- دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دەستپێكردنی شەڕ لە نێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش لە گوندی (مەلا عەبدوڵڵا) لە سنووری كەركووك، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك دەڵێت، تەنیا هەندێك تەقە كراوە و شەڕ نەبووە، بۆیە حەق نییە راگەیاندن ترس و دڵەڕاوكێ لە لای خەڵكی كەركووك دروست بكات.
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك عەمید (سەرحەد قادر)، بە KDP.info-ی راگەیاند، ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش لە گوندی (مەلا عەبدوڵڵا) دەبەیەكیان هێناوەتە پێشەوە، بۆیە شەڕەتەقە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعشدا ڕووی داوە و هیچ كەس بریندار نەبووە و نەكوژراوە.
عەمید (سەرحەد) رەخنەیش لە راگەیاندن دەگرێت و دەڵێت، هێزی پێشمەرگە بە درێژایی 100كم لە سەنگەرەكانی شەڕدایە لەگەڵ داعشدا، بۆیە تەقە هەر دەبێت، بەڵام ناكرێت راگەیاندن بەم شێوەیە گەورەی بكات.
ئەو هەروەها زیاتر گوتی، كوڕی خەڵك لە سەنگەری شەڕدایە، بۆیە حەق نییە ترس و دڵەڕاوكێ لەلای خەڵكی كەركووك دروست بكرێت.
بڵند ئیبراهیم




