سەرۆك بارزانی لە یادی رادیۆی دەنگی كوردستاندا: بۆ هەموو لایەك ڕوون بووەوە كە دەنگی خەڵكی كوردستان دەبیسترێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، لە پەیامێكی پیرۆزباییدا كە بە بۆنەی پەنجاویەكساڵەی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستانەوە ئاڕاستەی ستافی ئەو ڕادیۆیەی كردووە، ڕایدەگەیەنێت، ئێستا پشتیوانییەكی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ كوردستان هاتووەتە دی. ئەم پشتیوانییە گەورەیە بۆ خەڵكی كوردستان پەیامی زۆر گرینگی تێدایە و بۆ هەموو لایەك ڕوون بووەوە كە ئیدی دەنگی خەڵكی كوردستان دەبیسترێت و ڕێگە نادرێت گەلەكەمان بخنكێندرێت.
ئەمەیش دەقی پەیامەكەیە:
بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
بەڕێزان بەڕێوەبەر و ستافی نووسین و كارمەندانی ڕادیۆی دەنگی كوردستان
سڵاوێكی گەرم
بە بۆنەی یادی پەنجاویەكساڵەی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستانەوە، پیرۆزباییەكی گەرم ئاڕاستەی ئێوەی خۆشەویست دەكەم.
ئەمساڵ لە كاتێكدا یادی دامەزراندنی ڕادیۆی دەنگی كوردستان دەكەینەوە كە گەل و وڵاتەكەمان لە شەڕێكی چارەنووسسازدایە لە بەرانبەر تیرۆریستان، لە هەمان كاتدا بە هۆی ڕەوایی دۆزی گەلەكەمان و ئەو بەها بەرزانەی لە باوەڕبوونمان بە ئازادی و پاراستنی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانەوە پێشانی دنیامان داوە، دەنگی ڕەوا و هەقبێژانەی خەڵكی كوردستان گەییشتە هەموو جیهان و ئێستا پشتیوانییەكی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ كوردستان هاتووەتە دی. ئەم پشتیوانییە گەورەیە بۆ خەڵكی كوردستان پەیامی زۆر گرینگی تێدایە و بۆ هەموو لایەك ڕوون بووەوە كە ئیدی دەنگی خەڵكی كوردستان دەبیسترێت و ڕێگە نادرێت گەلەكەمان بخنكێندرێت.
بەرخودانی گەلەكەمان لە پێناو ئازادیدا بە قۆناخی زۆر سەخت و دژواردا تێپەڕیوە و دەستكەوتی مەزنیشی وەدەست هێناوە، لەو ڕێڕەوە سەختانەدا سەردەمێك دەنگی كوردستان تاكە بڵندگۆی داوا ڕەواكانی گەلەكەمان بوو و سەرەڕای كەمیی توانای تەكنیكی نەیهێشت دوژمنان دەنگی شۆڕش كپ بكەن، خۆشبەختانە ئێستا لە سایەی پێشكەوتنەكاندا ژمارەیەكی زۆری ناوەندی میدیایی لە كوردستاندا كار دەكەن و بوونەتە جێی ئومێد كە بتوانن دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی دۆزی گەلەكەمان بن.
هیوادارم دەنگی كوردستان وەك ڕابردوو بە گیانی پێشمەرگانەوە لە خزمەت گەل و وڵاتدا بن و هیوای سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم .
مەسعوود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
28/9/2014




