وەزیری گەشتوگوزاری ئوردن بۆ KDP.info: پێمان بڵێن چی بكەین بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی باشتر بۆ خەڵكی كوردستان پێشكەش بكەین

عەممان-KDP.info- وەزیری گەشتوگوزاری ئوردن، لە هەڤپەیڤینێكدا تیشك دەخاتە سەر پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئوردن لە ڕوانگەی هاوكاریی دوولایەنە لە بواری پزیشكی و گەشتوگوزاری و دەشڵێت، "بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی گەشتوگوزار، ئامادەین ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكەین".
وەزیری كار و گەشتوگوزاری ئوردن (نیزال مەرزی) لەبارەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئوردن بۆ KDP.info گوتی، "ئێمە زۆر بەلامانەوە گرینگە هەماهەنگی و دیدارمان لەگەڵ ڕاگەیاندنەكانی كوردستان و جیهان هەبێت، چونكە ئێوە ڕۆڵتان زۆرە لەناو كۆمەڵگە و چاو و گوێی كۆمەڵگەن كە هۆشیاریان بكەنەوە چی هەیە و چۆن قۆناخەكان دەگوزەرێن، ئێمەیش لەگەڵ هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر زۆر شتی هاوبەشمان هەیە و لەلامان زۆر جێی بایەخە پەرە بە پەیوەندییەكانمان بدەین".
گوتیشی، "لەبەر ئەوەی ناوچەكە بە دۆخێكی ناخۆشدا دەڕوات، ئەمە وای كردووە كاریگەریی خراپی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێم و ئوردن هەبێت، بۆیەیش نەمانتوانیوە زۆر جێپێی خۆمان لە كوردستاندا بكەینەوە، بەڵام ئەوەی گرینگە كە ئێستا بەشێكی ئوردنییەكان لە كوردستان پڕۆژەیان هەیە و كار دەكەن، ئێمە داوا لە هەرێمی كوردستان دەكەین كە پێمان بڵێن چی بكەین بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی باشتر بۆ خەڵكی كوردستان پێشكەش بكەین، چونكە ئێستا ئێمە یەكێكین لەو وڵاتە عەرەبیانەی كە خەڵكێكی زۆر لە هەرێمی كوردستانەوە سەردانمان دەكەن".
(نیزال مەرزی) دەشڵێت، "یەكێك لە هۆكارەكانی ئەوەی كە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەرێم و ئوردندا دروست ببێت، كرانەوەی هێڵی ڕاستەوخۆی ئوردن و هەرێمی كوردستانە كە هەفتەیەك سێ جار فڕۆكە، گەشتی لە نێوان هەردوولادا هەیە".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "زۆر خاڵی هاوبەشی گەشتیاری لە نێوان ئوردن و هەرێمی كوردستاندا هەن، بۆیە ئامادەین یارمەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدەین لە ڕووی پەرەپێدان و گەشەسەندنی گەشتوگوزار و تەندروستی و ڕێككەوتنی هاوبەش ئەنجام بدەین بۆ پەرەپێدان و بەرزكردنەوەی ژێرخانی ئابووری".
ڕوونیشی كردەوە، هەست دەكرێت گەشتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی چارەسەری پزیشكی بۆ ئوردن كەم بووەتەوە، بۆیە زۆر گرینگە نووسینگەیەكی هاوبەش لە نێوان هەرێم و وڵاتی ئوردندا بۆ ڕێكخستن و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا بكرێتەوە.
كارزان هەورامی




