٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سعوود مەلا: ئامادەین سبەی بچینە كۆبانی.. ترس لە شەڕی نێوخۆ هەیە نەك داعش

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-تایبەت بە KDP.info- سكرتێری پارتیی دیموكراتی كوردستان-سووریا (سعوود مەلا)، جەختی لە هەر پشتیوانییەك بۆ گەلی ڕۆژئاوای كوردستان كردەوە، بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییش بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا و گوتیشی كە جێی ڕێزە. هاوكات ئامادەیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی بۆ چوونە بەرەی شەڕ لە كۆبانی ڕاگەیاند، بەڵام گوتی ترس لە سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆ هەیە، نەك داعش. 
لە لێدوانێكی تایبەتدا، (سعوود مەلا) بە KDP.info–ی ڕاگەیاند، "ئەو بایەخە نێودەوڵەتییە بەرانبەر بە بزووتنەوەی سیاسیی كورد لە سووریا و گەلی كورد بەرز دەنرخێنین، ئەمە گوزارشتە لە بوونی گەلێك كە دەبێ كار بۆ زامنكردنی مافە ڕەواكانی بكرێت، دەبێ ئەمە بە ئامانج بگات، لە ڕێگەی ئەو پشتیوانییە سەربازی و سیاسییە و هیی دیكەیش، كە كار دەكرێ بۆ ئەوەی پێشكەش بە گەلی كورد بكرێ، دەخوازین ئەم هەوڵە بەرجەستە ببێ و لە چوارچێوەی ئامادەكردنی كورد خۆیان بۆ ئێستا و داهاتوویان كەڵك لەو هاوكارییە نێودەوڵەتییە چاوەڕوانكراوە ببینن."
سكرتێری ئەلپارتی هاوكات پشتیوانیی تەواوی خۆیانی لە هەموو ڕوویێكەوە بۆ بەرگری لە كۆبانی دەبڕی، ئەماژەیشی دا، "ئەو كادیر و هەڤاڵ و لیژنەی حیزبیمان كە لە نێو كۆبانی و لەسەر سنوور لە سروچن، بۆ ئەوەیە هاوكاریی مرۆیی بۆ ئەو خەڵكانەمان دابین بكەن كە لە دەوروبەری كۆبانییەوە بەرەو باشووری و كوردستان ئاوارە بوون." زیاتر گوتی، "لە ڕووی سەربازییشەوە، ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی، ئامادەیە بچێتە بەرەی شەڕەوە لە كۆبانی، بەڵام ترس لە شەڕی كورد-كورد هەیە نەك داعش."

ئەو جەختی كردەوە، "بە داخەوە هێشتا برایانمان لە پەیەدە گرفت دەخەنە بەردەم بەشداریمان لە بەرگریكردن لە كۆبانی و ناوچەكانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان.. ئەوان داوامان لێ دەكەن، لە ژێر ئاڵا و ناو و سەركردایەتیی ئەواندا بەشدار بین، ئەمە خاڵی ناكۆكیمانە"، گوتیشی "كار دەكرێ بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازییە و دۆزینەوەی چارەیەك كە هەردوو لا كۆك بین لەبارەیەوە و شەراكەتێكی ڕاستینە و كاری هاوبەش لە نێوانماندا هەبێ، تا هەموومان خاوەن بڕیار بین (بڕیاری سیاسی و سەربازی)، شەریك بین تێیدا، بەڵام ئەوان هێشتا تاكلایەنە بڕیار دەدەن، ئەمە لەو قۆناخەدا هەڵەیە، چونكە كاری پێكەوەیی و هاوبەشی لە بڕیاردا، خواست و بڕیاری تەواوی گەلە، نەك بڕیاری تاكە حیزبێك."
داوایشی لە پارتیی یەكێتیی دیموكرات (پەیەدە) كرد، جیاوازییەكان وەلا بنێن و هەمووان پێكەوە بەرەوڕووی دوژمنە هاوبەشەكە ببنەوە كە داعشە.
 
عماد برهو – زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار