٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەردۆغان: دانوستانمان بۆ بەرپاكردنی هێرشی زەوینی بەردەوامن.. بە تەنیا گورزی ئاسمانی بەس نین

سەرچاوە: KDP.info

ئیستانبووڵ-KDP.info- سەرۆككۆماری توركیا (ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، توركیا بەشداریی كردەنیی لە پێكهێنانی ناوچەیەكی ئارام لە سووریادا دەكات، ئەمە لە كاتێكدا كە ڕێككەوتنی نێودەوڵەتی بۆ بنیاتنانی شوێنێك بۆ ئاوارەكان كە لە دەست داعش رادەكەن، بكرێ. هاوكات ڕایگەیاند، دانوستان دەربارەی چۆنیەتیی ئەنجامدانی هەڵمەتی ئاسمانی و ئەگەری هەڵمەتی هێزی پیادە، هەروەها دیاریكردنی ئەو وڵاتانەی تێیدا بەشدار دەبن، بەردەوامە.

(ئەردۆغان) لە كاتی گەڕانەوەی لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە نیویۆرك ساز درا، بە ڕۆژنامەی حورییەتی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، "ئەو لۆژیكەی كە گریمانەی بەشدارینەكردنی توركیا دەكات لە ڕووی سەربازییەوە، هەڵەیە."
زیاتر گوتی، دانوستانەكان بەردەوامن بۆ دیاریكردنی چۆنیەتیی هەڵمەتی ئاسمانی و ئەگەری هێرشی سەربازیی زەوینی، هەروەها دەستنیشانكردنی ئەو وڵاتانەی تێیدا بەشدار دەبن و توركیایش لە بەشداریكردن تەواو ئامادەیە.
گوتیشی، ڕۆڵ بۆ هەر یەک لەو وڵاتانەی لە پرۆسەکەدا بەشدار دەبن دیاری دەکرێ و، ئەو ڕۆڵەی بە تورکیایش دەسپێردرێب بە هەر جۆرێک بێ ئەنجامی دەدات، بەڵام ئەم پڕۆسەیە بە تەنیا لە ڕێی هەڵمەتی ئاسمانییەوە بەس نییە.

لە لێدوانەكەی وەها بەردەوام بوو، "ناشێت تەنیا بە ڕێی هەڵمەتی وەشاندنی گورزی ئاسمانی داعش لەنێو ببرێ، هێزی زەوینی ڕۆڵی تەواوكەر دەبینێ... دەبێ وەك یەك یەكە لە پڕۆسەكە بڕوانرێ"، گوتیشی "ڕوونە كە من كەسێكی سەربازیی نیم، هەڵمەتی ئاسمانی پرۆسەیەكی گرینگی لۆجستیكییە، ئەگەر بێت و هێزی زەوینییش هەبێ، ئەوا بەردەوامی نابێ."
ئەو دەڵێ، توركیا بەرگریی لە سنوورەكەی دەكات ئەگەر پێویست بێ، زیاتر گوتی، پاش ئەوەی پەرلەمان ڕێی دا هێزەكانی توركیا بەشداری لە كردەی سەربازی لە دەرەوەی وڵاتدا بكات، ئەوا هەنگاوی پێویست دەنرێت.
لە لایەكی دیكەوە، ڕوانگای مافەكانی مرۆڤ لە سووریا، ڕایگەیاند، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، فڕۆكە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانان، مۆڵگەكانی داعشیان لە ڕۆژئاوای كوردستان بۆردوومان كردووە.
بەپێی زانیارییەكانی ڕۆیتەرزیش، ئەمڕۆ شەممە شەڕ بە شێوەی پچڕپچڕ لە كۆبانی درێژەی هەبووە و دەنگی چەكی قورسیش بیستراوە.
بە گوتەی شایەتحاڵەكانی ناوچەكە، چەكدارە تیرۆریستەكانی داعش، هێشتا لە شوێنەكانی خۆیانن كە بە دووری 10كم كۆبانییە، گوتیشی، هێزی چەكداریی كورد، دواهێڵی بەرگرییانە لە نێوان و ئەوان و چەكدارانی داعشدا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار