شێخ جەعفەر: لە جەلەولا چەكی باش لەلایەن ئێرانەوە بۆ پێشمەرگە هاتووە

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی 15-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین دەڵێت، هێزی پێشمەرگە لە میحوەری جەلەولا چەكی باشی لە بەردەستە، چونكە چەكیان لە ئێرانەوە بۆ هاتووە و بە سێ جۆرە چەكیش جەلەولا بۆردوومان كراوە كە چەكی عێراقی و ئێرانی و چەكی هێزی پێشمەرگەن.
بەرپرسی لقی 15-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) بە kdp.info-ی گوتیشی، ئەمڕۆ لەناو بازاڕی خانەقین بۆمبێك كە بە ئۆتۆمبێلێكەوە لكێندرابوو، تەقییەوە و لە ئاكامدا چەند كەسێك برینداربوون، بەڵام خۆشبەختانە هیچ كەسێك گیانی لە دەست نەداوە و زیانی زۆری نەبووە، چونكە ئەوكاتە خەڵك زۆر لە دەرەوە نەبوون.
گوتیشی، ئێستا ناوچەكە ئارامە و شەڕ لە ئارادا نییە، هێزەكانی پێشمەرگەیش لە ئامادەباشیی تەواودان.
(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) سەرسووڕمانی خۆیشی لە گوتەكانی (مەحموود سەنگاوی) پێشان دا كە باس لەوە دەكات، چەكیان نییە. ڕوونیشی كردەوە كە، "چەكی باش لەو میحوەرە هەیە و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بڕێكی زۆر چەكی بۆ ئەو شوێنانە هێناوە و، بە سێ جۆرە چەكیش جەلەولایان بۆردوومان كردووە، كە چەكی عێراقی و ئێرانی و هیی پێشمەرگەن."
بەرپرسی لقی 15-ی پارتی راشیگەیاند، "لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا بە درێژایی هەزار و 50 كیلۆمەتر شەڕی تیرۆریستان دەكرێت و ناوچەكەی ئێمەیش كە شەڕی تێدا دەكرێت، زۆر گەورە نییە وەكو زوممار، شنگال، كەركووك، مەخموور و شوێنەكانی دیكە، بۆیە هێزی پێشمەرگە بەپێی شوێن و پێویستیی میحوەرەكان چەكی بەسەردا دابەش دەكرێت".
ئەو زیاتر گوتی، پێشتریش پێشمەرگە لە میحوەری جەلەولا چەكی باشی لە بەردەستدا بووە، كە چەكی قورس و سووكیشن.
بڵند ئیبراهیم




