شاندێكی نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی لە كۆبانین.. تیمی پزیشكی و فریاكەوتن و هاوكاریی مرۆییان پێك هێناون

كۆبانی-KDP.info- لەسەر ڕاسپاردەی (نێچیرڤان بارزانی)، شاندێكی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چوونە سنووری كۆبانی و چەندین تیمی پزیشكی و فریاكەوتن و هاوكاریی مرۆییشیان بۆ یارمەتیدانی پەنابەر و لێقەوماوان پێك هێناون.
بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخی كۆبانی و رەوشی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان لە توركیا و پێشكەشكردنی كۆمەك و هاوكاریی مرۆیی بۆ ئاوارەكان و یارمەتیدانی خەڵكی ناوخۆی شارەكە، شاندێكی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، لەسەر سنووری نێوان كۆبانی و سروچن.
(جەواد سیامەند) كە نوێنەری نووسینگەی (نێچیرڤان بارزانی)ـیە، بۆ ماڵپەڕیKDP.info گوتی، "بە راسپاردەی (نێچیرڤان بارزانی) چەند رۆژیكە لەناو پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستانین لەسەر سنووری سروچ و ئورفا و عەنتاب، لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی خەڵكی كۆبانی و ئاوارەكانین و لای خۆمان پێداویستییەكانی ئەوانمان تۆمار كردووە و ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ ئاوارە و لێقەوماوانی ناو كۆبانی و گوندەكانی سنووركە، كە خۆی لە 360 گونددا دەبینێتەوە، دەكەین".
نوێنەری نووسینگەی (نێچیرڤان بارزانی) هەروەها باسی لەوەیش كرد كە سەرۆك و ئەندامانی سەركردایەتیی (PDK- باكوور) و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتیی پارتیی دیمكراتی كوردستان- سووریا، هاوكاریانن.
لە بارەی خراپیی دۆخی ئاوارەكانی كۆبانیش لە توركیا، گوتی، "حاڵی ئاوارەكان زۆر خراپە، شوێنی حەوانەوەیان نییە، بەشێكی زۆریان لە لێواری شەقامەكان و لە نێو مزگەوت و قوتابخانە و پاركەكان دەخەون".
ئاماژەیشی دا، "(نێچیرڤان بارزانی) بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە دۆخی كۆبانی و هەرچی لە توانای هەرێمی كوردستان و پارتیی دیموكراتی كوردستاندا هەبێ پێشكەش بە پەنابەر و لێقەوماوانی دەكەین، بۆیەشە هەموو هەوڵێك دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بە هەموو شێوەیەك هاوكاریی خەڵكەكە بكەین، یارمەتییەكانیشمان بریتی دەبن لە پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیانی رۆژانەی پەنابەران. لەگەڵ پێكهێنانی چەندین تیمی پزیشكی و فریاكەوتن و هاوكاریی مرۆیی، هەموو ئەم تیمانەیش تا رەوشەكە بەم شێوەیە بێت، بەردەوام دەبن".




