مستەفا شەفیق: کوردانی رۆژئاوا یەک نەگرن، ڕەنگە لە ھاوکاریی نێودەوڵەتی بێبەش بن

ھەولێر-KDP.info- ئەمەریکا بڕیاری داوە ھاوکاریی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بکات و، راوژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رۆژئاوای کوردستانیش دەڵێت، کوریش بەشێکە لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بەڵام بە ھۆی پارچەبوونیان ڕەنگە لەو ھاوکاریانە بێبەش بن کە وەها بڕیارە بە ئۆپۆزسیۆن بدرێ، بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بەخۆیاندا بکەن و یەک بگرن.
دوێنێ 20 سەرکردەی چەند گرووپێکی جیای ئۆپزسیۆنی سووریا ەبڵام وەک ڕاگەیەنرا، میانڕۆکان، لە ئەنتاکیای تورکیا، بە هەماهەنگی و بەشداری نوێنەرانی ئەمەریکا، کۆ بوونەوە و بۆ بەرەوڕووبوونەوەی داعش و هێزەکانی سەر بە ڕژێمی (ئەسەد) لە سووریادا، یەکگرتنیان ڕاگەیاند، لە نێو ئەو هێزانەدا، باڵی سوننەمەزهەب و مەسیحییش هەبوون، ئەمە بۆ ئەوە ئەمەریکا لە ڕووی سەربازییەوە هاوکارییان بکات، ئەوەی بە دی کرا، نائامادەیی کورد بوو، پێوەست بەم پرسە و سەنگی لایەنە کوردییەکان لە نێو ئەو هاوکێشەیەدا، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری رۆژئاوای کوردستان(مستەفا شەفیق) بە kdp.infoی راگەیاند: "ئەگەر ھاوکاری ئۆپۆزسیۆنی سووریا بکرێت، کوردیش بەشێکە لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بەڵام کورد کێشەی ھەیە کە یەکگرتوو نییە و بوونەتە دوو پارچە و پارچەیەک نزیکە لە ئۆپۆزسیۆن و ئەمەریکا و، رۆڵیان لە گۆرەپانی سیاسیدا کەمە، ھەر چەندە دوای رووداوەکانی کۆبانی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد داوای لە ئەندامان و لایەنگرانی کرد چەک ھەڵبگرن و رەنگە ھێز دروست بکەن، بەڵام پارچەکەی دیکە تۆمەتی ئەوەیان دەدرێتە پاڵ کە نزیکن لە رژێمی سووریا، بۆیە ئەستەمە سوود لە ھاوکارییەکانی ئەمەریکا وەربگرن."
(مستەفا شەفیق) گوتیشی، "ئەمەریکا بڕیاری داوە و ھاوکاریی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەکات، بەڵام ئەگەر کورد یەکگرتوو نەبن لەو ھاوکاریانە بێبەش دەبن."
دەربارەی ڕۆڵی (سەرۆک بارزانی)-یش لە کەمکردنەوەی گوشار لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و کۆبانی بە تایبەت، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم روونی کردەوە، "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای رووداوەکانی سووریا تا ئێستا، بۆ پرسی ھەر کارێک پێویستی کردووە، درێخی نەکردووە، لە ڕووی نێودەوڵەتی و ناوخۆییەوە، لە پرسی ھاوکاریکردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریایش رەنگە رۆڵی خۆی ھەبێت، ھەر چەندە تائێستا شتێکی فەرمی نییە، بەڵام (سەرۆک بارزانی) بە ھەموو شێوەیەک ئامادەیە ھاوکاریی رۆژئاوای کوردستان بکات."
گوتیشی، "سەرۆک ەل چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە پەیامەکەیدا و لە کۆبوونەوەیشیدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا داواکاری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ شکاندنی قەیارنی سەر کۆبانی، دووپات کردەوە، ئەەم نیشانەی جیددییەتی سەرۆکی هەرێمی وکردستانە لە هاوکاریکردنی کوردان لە هەر کوێیەک بن."
(مستەفا شەفیق) زیاتر گوتی، "بۆئەوەی کورد سوود لە ھاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بکەن، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنی ھەولێر و پەیەدە بە شێوەیەکی ئەقڵانی کاربکات و رێگە بدات ھێزی دیکە کار بکەن، ئەوکات رەنگە پەیەدەش سوود لەو ھاوکارییە نێودەوڵەتیانە بکات و روداوەکانی کۆبانییش، راستە دوژمنێکی گەورە ھەیە، بەڵام پارچەبوونی کورد و سیاسەتی ھەڵەی پەیەدە، رۆڵێکی گەورەی ھەیە و ئەگەر بەردەوام بێت، رەنگە لەو ھاوکاریانەش بێبەش بن، بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیاندا بکەن."
بڵند ئیبراھیم




