وەزارەتی پێشمەرگە: ئەگەر رێگە هەبێت، پێشمەرگە ئامادەیە بچێتە كۆبانی

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەخت دەكاتەوە، تا ئێستا هیچ هێزێكی پێشمەرگە نەچووەتە كۆبانی و دەشڵێت، ئەگەر رێگە هەبێت ئامادەن هێز ڕەوانەی رۆژئاوای كوردستان بكەن.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت) بۆ kdp.info گوتی، چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای كوردستان بە ئاشكرا دەبێت و پێویستی بە فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ فەرمانێكیان بۆ نەهاتووە بۆ چوونی هێز بۆ بەرگریكردن لە خەڵكی كۆبانی.
گوتیشی، وەزارەتی پێشمەرگە بەرگریکردن لە هەر بستێکی خاکی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێ، هەروەک چۆن پێشتریش (سەرۆک بارزانی)، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر پشتیوانییەکی هەرێمی کوردستان نیشان داوە، بەڵام دووپاتی کردەوە کە، هێشتا هێچ ڕێگەیەک بۆ گەییشتن بە کۆبانی نییە.
عەمید (هەڵگورد) ڕوونیشی كردەوە، هێشتا هیچ هێزێكی پێشمەرگە نەچووەتە رۆژئاوای كوردستان و، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوەیش دەكەن، لە راستییەوە دوورن.
ئەو هەروەها زیاتر گوتی، "هۆكاری نەچوونی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، نەبوونی رێگەیە، لەبەر ئەوەی رێگە نییە هێز بچێت بۆ كۆبانی، ئەگەر نا هێزی پێشمەرگە ئامادەیە و هەر كاتێك رێگە هەبێت، هێز بۆ بەرگریكردن لە كۆبانی رەوانە دەكەین."
بڵند ئیبراهیم




