٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانتارێکی پارتی: ئەگەر هاوکاریی کۆبانی نەکرێت کارەساتێکی مرۆیی ڕوو دەدات.. مەترسی جینۆسایدێکی دی هەیە

سەرچاوە: KDP.info

کۆبانی-KDP.info-  پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان سەردانی مەیدانیی کۆبانیی کرد و دەربارەی ڕەوشی ئەوان دەڵێ، ئەوان لە شەڕێکی قورسدان لەگەڵ داعش و وەک ئەو باسی لێ دەکات ئەگەر لە ڕووی چەکەوە هاوکارییان نەکرێت و، ئەمەریکا بە لێدانیان قورسایی داعش بەسەر شارەکەوە کەم نەکاتەوە، کارەساتێکی مرۆیی ڕوو دەدات.

ئەندامی پەرلەمانی  کوردستان لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان (عەلی هالۆ) بە kdp.infoی راگەیاند: "من لەگەڵ دەستگای خێرخوازیی بارزانی، سەردانی کۆبانیم کرد و سەرەتا تورکیا رێگەی نەدا هاوکارییەکان ڕەوانە بکرێن، بەڵام دواتر هاوکارییەکانمان گەیاندە کۆبانی کە لە 12کامیۆنی کەلوپەل پێک دەهات و هاوکاریی دووەمیش کە لە ناو تورکیا کردرابوون، دوێنێ هەینی بەسەر ئاوارەکانی کۆبانیدا لە باکووری کوردستان دابەش کران."
(عەلی هالۆ) گوتیشی، بارودۆخی کۆبانی لە ناو شار ئارامە و ورەی خەڵک زۆر بەرزە و، بەڵام سەرباری ئەوەیش ترسێک هەیە، چونکە داعش هەموو هێز و چەکی قورسی خۆی لە حەلەب و رەققە هێناوە و کۆبانیی پێ گەمارۆ داوە، هەروەها بە هۆی ئەو شکستەی لە داعش لە باشووری کوردستان بردوویانە،  پێدەچێ مەبەستی تۆڵەیان لەو شارە هەبێ، هەربۆیە لە سێ لاوە هێرشیان  کردووەتە سەر شارەکە و وەک بینیمان تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە کۆبانیوە دوور بوون."
پەرلەمانتارەکەی پارتی  دەشڵێت، "کاتێک ئێمە سەردانی کۆبانیمان کرد، بە هەزاران کەس کە بە هۆی گەمارۆ و داگیرکردنی ئاواییەکانی ناوچەی کۆبانیوە پەنایان بۆ باکووری کوردستان بردبوو، دەگەڕانەوە بۆ کۆبانی"، زیاتر گوتی، "ئێستا شەڕێکی قورس لەگەڵ داعشدا دەکەن و سەرباری ئەوەی کە ئەو چەکانەی لە دەست ئەو هێزەدان کە بەرگریی لە کۆبانی دەکەن، کۆنن و ژمارەیشیان کەمە، لە بەرانبەردا چەکی داعش زۆر قورسن کە لە تانک و کاتیۆشا و هەمەر و ئارپێجی و هەموو جۆرە چەکێکیان لەبەردەستدایە."
زیاتر گوتی، کۆبانی پێویستی بە هەموو شتێک هەیە، هاوکاری مەعنەوی و ماددی و مرۆیی، بەڵام داواکارییە سەرەکییەکەی ئەوان چەکە.
جەختیش دەکاتەوە، "ئەگەر هاوکارییان بە دەست نەگات و ئەمەریکا، داعش لە دەوروبەری کۆبانی بۆردومان نەکات، کارەساتێکی مرۆیی و جینۆساید روو دەدات، چونکە ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی کە تا بەسەر لاشەی ئەواندا دەرباز نەبن، کۆبانی رادەستی داعش ناکەن."

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار