سێ هەفتەیە نەبینراوە.. سەرۆکی کۆریای باکوور، دنیای سەرقاڵ کردووە

هەولێر-KDP.INFO- پرۆپاگندەکان پێوەست بە دۆخی تەندروستیی سەرۆکی کۆریای باکوور(کیم جۆنگ ئون)، کە سێ هەفتە دەبێ دەرنەکەوتووە و خەڵک نەیانبینیوە، تەواوی مێدیاکانی دنیای بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
دوادەرکەوتنی ئەو سەرۆکەی کە تەمەنی لە دەوری 30 ساڵێکە، لە 3-ی ئەیلوول-سەپتەمبەر بوو لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی لە پیۆنگ یانگ، کاتێک بە یاوەریی هاوسەرەکەی(ڕی سووڵ جۆ)، بەشداری لە ئاهەنگێکی مووزیکدا کرد.
پڕۆپاگندەکان لە دەوری ئەوە دەخولێنەوە کە، (کیم) دووچاری کەنەفتی بووبێت، یان تووشی ژانی جومگەکانی بووبێ، ئەمەیش پاش ئەوە دێ کە، لە 20-ەمین ساڵیادی کۆچی باپیری(کیم ئیڵ سۆنگ)-دا کە لە مانگی تەممووز بوو، خواروخێچ دەڕۆییشت.
ئایا ئەو دووچاری ژانی جومگەکانی بووە، یاخوود لە یەکێک لە سەردانە مەیدانییەکانی کێشەیەکی هاتووەتە ڕێ؟
لە کاتێکدا کە چاودێرانی کۆریای باشوور سەرقاڵی پێشبینییەکانیان دەبوون دەربارەی ئەو پرسەی پێوەندی بە دراوسێ باکوورییەکەیانەوە دەبوو، سیئۆل ئەم جارە بێدەنگی هەڵبژاردووە. وەزارەتی یەکیەتیی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خۆی لەو پرسیارانە دوور گرت کە پێوەندی بە کۆریای باکوورەوە هەبوون.
گوتەبێژی وەزارەتەکە تەنیا ئەوەندەی گوت: "هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی لە کۆریای باکوورەوە دەرنەکراوە و ئێمەیش هیچ کۆمێنتێکمان نییە. ئێمە گریمانە جیاکان دیراسە دەکەین، لە نێویشیاندا پڕۆپاگندەکان دەربارەی دۆخی تەندروستیی ئەو."
ساڵانە تەنیا دوو جار پەرلەمانی وڵات کۆ دەبێتەوە، تا بڕیارەکانی تاکە حیزب پەسند بکات، کە وایش باوە سەرۆک تێیدا بەشدار دەبێ، بەڵام لە یەکێک لە دوو کۆبوونەوەکانی ئەمساڵی پەرلەماندا، کە ئەم هەفتەیە بەڕێوە برا، سەرکی کۆریای باکوور(کیم جۆنگ ئون) ئامادە نەبوو.
هەروەها سەرۆکی کۆریای باکوور، لەوەتەی شوێنی باوکی گرتووەتەوە لە ساڵی 2011، لە بەرچاوی مێدیاکان ون نەبووە.
ئاژانسی کۆریای باشوور لە مانگی تەممووز-یولیۆ لە زاری سەرچاوەیەکەوە بلاوی کردەوە کو، ڕەنگە دووچاری ژانی جومگەکان، شەکرە، قەڵەوی و گوشاری خوێن بووبێت.
سەرچاوەیەکی دیکە دەڵێ، پزیشکانی کۆریای باکوور بۆ ڕاوێژکردن بە پزیشکان، چوونەتە ئەڵمانیا و سویسڕا.
بەڵام، توێژەرێکی ناوەندی لێتوێژینەوەی سیجۆنگ لە سیئۆل(هۆنگ هیۆن ئەک)، لەو هەموو زیادەڕۆییەی دەربارەی دۆخی تەندروستیی (کیم) بڵاو بوونەتەوە، هۆشداری دا و گوتی، ڕەنگە تەنیا کەنەفت بووبێ و پێویستی بە کەمێک پشوو هەبێ.
AFP -زریان زیاد




