٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تورکیا ڕێی لێ نەگرتن.. سەدان کەس بەرەو ڕۆژئاوا سنووریان بڕی.. داعش لە کۆبانی نزیکتر بووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info
ئەو چەند کەسەی شوورەی سنووری نێوان باکوور و ڕۆژئاوا لادا. ئەمڕۆ

هەولێر-KDP.INFO-  وێنەگرێکی ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس دەڵێ، ئەمڕۆ هەینی، سەدان کەس لە کوردانی باکووری کوردستان، بەشێکی ئەو شوورەیەیان بڕی کە چەند ڕۆژێکە بۆ پەڕینەوە لە سنوور ڕێگری لێ کردوون، بە ئەو مەبەستەی کە پێوەندی بەو هێزە کوردییەوە بکەن کە لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕی داعش دەکات.

ئەو چەند سەد کەسە کە لەسەر سنوور، بەری باکووری کوردستان کۆ ببوونەوە داوایان لە بزووتنەوە کوردییەکانی دیکە دەکرد ئەوانیش پێوەندی بکەن، توانییان بەشێکی ئەو شوورەیە ببڕن، کە چەند سەد مەترێک لە ناوچەی مۆریست پینارەوە دوورە و سنووری لە نێوان تورکیا و سووریادا کەرت کردووە.
ئەو وێنەگرەی فڕانس پرێس گوتیشی، هەر بە پەڕینەوەی ئەو چەندسەد کەسە، چەکدارانی پەیەدە کە هەوڵ بۆ بەرگرتن بە پێشڕەویی داعش دەدەن بۆ سەر کۆبانیی چەند کیلۆمەتر لە سنوور دوور، پێشوازییان لێ کردن.
پێشتر هێزە ئەمنی و سنوورپارێزەکانی تورکیا بە توندی بەرهەڵستیی ئەو کوردانەیان دەکرد کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان نین، نەبادا سنوور ببەزێنن، ئەو بەرهەڵستییەیش پێکدادانی لە نێوان چالاکوانە کوردەکانی باکوور و هێزە ئەمنییە تورکەکاندا وەبەر هێنا، بەڵام بە گوتەی ئەو وێنەگرە، لە کاتی بڕینی شوورەکەدا لە لایەن ئەو کەسانەوە، ئەمڕۆ پۆلیس ڕێی لێ نەگرتن و هیچی پێ نەگوتن.
ئەو هەروەها دەڵێ، بە درێژایی ڕۆژ، ئەمڕۆ هەینی، لە بەری تورکیاوە گوێی لە دەنگی تەقینەوەی گولـلەهاوەن و تەقەی چەکی سووک بووە.
هەفتەیەکە شەڕ بەرپا بووە و پاش دەستبەسەرداگرتنی ناوچەگەلێکی ڕۆژئاوای کوردستان، داعش دەیەوێ شاری کۆبانی داگیر بکات، ئەگەرچی چواردەوری گرتووە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بچێتە نێویەوە.

زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار