٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

گورزی عەرەب-ئەمەریکا، لە شادەماری داعش دەدرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەو گورزوەشاندنانەی هاوپەیمانیی ئەمەریکا-عەرەب، بەشێکی تواناکانی داعشی لە کەرتی نەوتی سووریادا پێکاوە، کە بە هۆی پاڵاوتە بچووکەکانی نەوتەوە کە دەستکردی تورکیان و، داعش نەوتیان لێ بەرهەم دێنێ و دەیفرۆشێ. گورز لە ئەو پاڵاوتانەی کە لە ناوچەکانی دێرئەلزوور جێگیر کراون دراوە، ئەمە سەرباری ئەو دامەزراوانەی کە لە دەوروبەری حەلەب، ڕەققە و حەسەکە، داعش دەستی بەسەردا گرتوون و هێشتا کار دەکەن.
شەوی چوارشەممە، 12 لەو پاڵاوتە بچووکانەی بن دەستی داعش، لە ڕۆژهەڵاتی سووریا کراونەتە ئامانج، ئەمە وەک هەوڵیک بۆ لێدانی شادەماری داراییی داعش کە بۆ جەنگی لە سووریا و عێراق بەردەوامی دەداتێ.
فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دەڵێ، ئەو پاڵاوتانەی کراونەتە ئامانج، 300 تا 500بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەم دێنن، وەهایش خەمڵێنراوە کۆی داهاتی داعش لەو نەوتەی بن دەستی، دوو ملیۆن دۆلارە لە هەر ڕۆژێکدا.
گوتەبێژ بە ناوی پێنتاگۆن(جۆن کێربی)، لە بەیاننامەیەکیدا کە دوێنێ دەریکردووە دەڵێ، "13 ئامانجیان پێکاون کە 12-یان پاڵاوتەکانی نەوتن لە سووریا. زیاتر گوتی، ئامانجە پێکراوەکان بە مووشەکی فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانن.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی شۆڕشی سووریا بە شەڕقولئەوسەتی ڕاگەیاندووە، ئەو دامەزراوانەی نەوت کە بە هێندەی قەبارەی تانکەرێکی نەوتهەڵگر دەبن و درێژییەکەیان 20 مەتر دەبێ، سێ نەوت کۆکەرەوەیان هەن و بە بۆرییەوە بەستراون بۆ گوێزتنەوەی نەوت، ئاماژەیشی داوە، شۆڕشگێڕان ئەو دامەزراوانەیان لە تورکیاوە هێناون کە نرخی هەر یەکەیان 70 تا 100هەزار دۆلارە، گوتیشی، دیاریکردنی نرخەکەی پێوەستە بە توانای بەرهەمهێنان کە لە نیوان 50 بۆ 100بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.
لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کاتێک ئەو پاڵاوتانەیان لە تورکیاوە هێنان کە دەستیان بەسەر ناوچەکانی باکووری سووریادا گرت. ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەڵێ، خەڵکانێکی سووریایی هەبوون ئەو پاڵاوتانەیان لە تورکیاوە دەهێنان و کاریان پێ دەکردن و بەرهەمەکەیان بە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەفرۆشت، کە لە ڕێی ئەو بەرهەمەوە، پێداویستییەکانی وزەی فڕن و نەخۆشخانە و هیی دیکەیشیان پێ دابین دەکردن. 
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوتی سووریا، بەرهەمی نەوتیی داعش پێنج جار لە هیی حکوومەتی سووریا زیاتر. ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، ڕۆژانە 80هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنێ، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو نەوتەی بە فەرمی وەزارەت دەریدەهێنێ، 17هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی شاتام هاوس کە کاریان توێژینەوەیە لە بواری وزەدا، لە هەریەک لە سووریا و عێراقدا، داعش ڕۆژانە 50هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێ.
وەک زانراویشە، داعش ئەندازیاری بواری نەوتی لە لیبیاوە هێناون و لەو دامەزراوانەدا کاریان پێ دەکەن.
گورزی عەرەب – ئەمەریکا لە، ناوچەکانی شاری مەیادین، گوندەکانی مەرکەدە، حەریجی و قۆریە، هەروەها کێڵگەی نەوتیی عەمر(گەورەترین کێڵگەی نەوتییە لە سووریا کە لە بن دەستی بەرەی نوسرەدا بوو) دراون کە لە بن دەستی داعشدان.
وەزارەتی نەوتی سووریا دەڵێ، هێشتا دیار نییە داعش چەندی بۆ نرخی هەر بەرمیلێک دیاری کردووە، بەڵام کەمترە لەو نرخە فەرمییەی بازاڕ کە لە دەوروبەری 100 دۆلارە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵی، هەندێکی ئەو نەوتەی کە داعش بەرهەمی دێنێ، بۆ پێداویستییە نێوخۆییەکان بە کاری دێنێ و ئەوی دیکەیش بۆ دەرەوەی ڕەوانە دەکات، دەشڵێت تورکیا گەورەترین ئەو کڕیارانەی نەوتی داعشە و لە ڕێگەی نێوەندگیر(دەڵاڵ)-ەوە بۆی دەچێت.
بەڵام ئەو ناوەندی توێژینەوەی لەندەن دەڵێ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوت 20 بۆ 55دۆلارە و لە ڕۆژێکیشیدا داهاتی گشتی لە نێوان ملیۆنێک بۆ 3 ملیۆن دۆلاردایە.
شای ئەردەن(عەبدوڵڵای دووەم) چەند ڕۆژ پێشتر لە نیویۆرکەوە هۆشداری دا، جیهادییەکان دەتوانن لە ساڵێکدا ملیارێک دۆلاریان لە نەوتی بەرهەمهێنراوەوە دەست بکەوێ، ئەمەیش بەو واتایەیە کە ئەو ڕێکخراوە لە توانایدا دەبێ، مووچەی مانگانە بدات بە زۆرێک لە چەکدارە بیانییەکان و دەیشتوانن چەک و تەقەمەنی پێ دابین بکەن.

زریان زیاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار