تێچووی جەنگی ئەمەریکادژ بە داعش لە هەر چرکەیەکدا 187دۆلارە

هەولێر-KDP.info- لە سەرلەبەیانیی سێشەممەوە کە ئەمەریکا جەنگی دژ بە داعش بەرپا کردووە، بۆ هەر چرکەیەک 187دۆلار، یانی بۆ هەر خولەکێک 5200دۆلار و لە هەر سەعاتێکدا 312هەزار دۆلار، لە خەرجیی خەزێنەی وڵاتەکەیەتی.
سەرلەبەیانیی سیشەممەی ڕابردوو لە سووریا، 47 مووشەکی تۆماهۆک بەسەر مۆڵگەی چەکدارانی داعشدا بارێنراوە، بەهای هەر مووشەکێک 590هەزار دۆلارە کە لە سەر پشتی کەشتیی سەربازیی دەریایی USS Arleigh Burke و SS Philippine Sea -ی ئەمەریکاییەوە لە باکووری کەنداوی عەرەبییەوە هاوێشتراون، بە تەنیا بەهای ئەو مووشەکانە 75ملیۆن دۆلارە، جیا لە مانەوەی ئەو دوو کەشتییە لە ناوچەکە و هەڵمەتی فڕۆکە شەڕکەرەکان و گورزوەشاندنەکانیان.
Sliding bomb بەهاکەی 250هەزار دۆلارە
بەکارهێنانی فڕۆکەی ئێف 22-ڕاپتۆر، کە ئەمەریکا یەکەم گورزەکانی پێ وەشاندوون، تێچووی هەر سەعاتێک فڕینی 67هەزار دۆلارە، ئەو بڕە پارەیەیش پیوەندی بە ئەو مووشەکانەوە نییە کە دەیانوەشێنێت، گرینگترین ئەو مووشەکانەی کە هەڵیاندەگرێ Sidewinder –ە کە بەهای هەر یەکێکی 665هەزار دۆلارە.
ئێف 22 هەروەها بۆمبێکی بە کار هێناوە کە ئەمساڵ ئەمەریکا دروستی کردوون، بەهای هەر یەکێکیشی 250هەزار دۆلارە و لە پێکاندا زۆر ورد و وێرانکاریشە کە پێی دەڵێن small-diameter bombs، کێشەکەیشی 110 کیلۆگرامە.
گۆڤاری فۆرین ئەفیرز هەمان ژمارەی بە کار هێناون پێوەست بە تێچوو و خەرجیی هەڵمەتەکان، وەهایش لێکدانەوەی بۆ کراوە کە، ڕۆژانەی هەر هەڵمەتێکی هێزی ئاسمانیی ئەمەریکایی، لە ڕۆژێکدا 7ملیۆن و 500هەزار دۆلار لە خەزێنەی دەوڵەت دەبات، بۆ هەر ساڵێکیش 3ملیار دۆلار و وەک ئەوەی (باڕاک ئۆباما)-یش پێشبینی کردووە کە جەنگەکە سێ ساڵ بخایەنێت، 9ملیار دۆلار تێچووی هەڵمەت و هێرشەکانیان دەبێ.
زریان زیاد




