٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دزەیی: خەڵکی، تورکیای دۆست سەرزەنشت دەکەن، چونکە چاوەڕوانییان لێی هەبوو.. نێچیرڤان بارزانی دەچێتە تورکیا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان (سەفین دزەیی)، دەڵێت، گەلەكەمان زیاتری لە توركیا چاوەڕوان دەكرد و گوتی: "لە وڵاتانی دیكەوە شاندی وڵاتان لەسەر ئاستی باڵا سەرۆككۆمار، سەرۆكوەزیران و وەزیرەكان، شاند دەهاتن سەردانی هەرێمی كوردستانیان دەكرد. بە دڵنیاییەوە كاتێك خەڵك شاندێكی لەو شێوەیە لە توركیاوە نابینێت بێن، ئەوە زیاتر لەلایەن خەڵكەوە سەرزەنشت دەكرێت. واتە مرۆڤەكان سەرزەنشتی دۆستەكانیان دەكەن." گوتیشی، بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی كە بڕیارە رۆژی یەكشەممە ‌لە ئیستانبووڵ بەڕێوە بچێت، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی) سەردانی توركیا دەكا.
(دزەیی) ئاماژەی دا، كە لە چوارچێوەی ئەو سەردانەدا دیداری فەرمی ئەنجام دەدەن، گوتیشی: "داوایان لە وڵاتانی ئەمەریكا، ئەورووپا، توركیا و ئێران كردووە، لە ڕووی مرۆیی، سەربازی و سیاسییەوە، هاوكاریی تەواوی عێراق بكەن."
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "لە كوردستاندا ملیۆنێک و 400 هەزار پەنابەر بوونیان هەیە. لە كانوونی دووەمەوە 850 هەزار كەس روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. ژمارەی دانیشتوانی پاریزگای دهۆك یەك ملیۆن و 300 هەزار كەسە، لەگەڵ ئەوەشدا 850 هەزار پەنابەر تیایدا نیشتەجێ كراوە. حكومەتی بەغدا بودجەی بڕیوین، بۆیە كێشەی گەورەی ئابووریمان هەیە. لەبەرئەوە داوای هاوكاری لە وڵاتانی جیهان، نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی دراوسێ دەكەین."
لە لێدوانێكیدا بۆ ئانادۆڵو، (دزەیی) ئەوەشی خستەڕوو، كە داوایان لە حكوومەتی عێراقیش كردووە ئەوەی لەو  بارەیەوە دەكەوێتە سەرشانیان جێبەجێی بكەن. گوتیشی: "پێویستە حكوومەتی عێراق ئەو ئەركە بگرێتە ئەستۆی خۆی. لەبەرئەوەی ئەو ئاوارانە زۆربەیان لە مووسڵ، سەڵاحەددین و ئەنبارەوە هاتوونە كوردستان. حكوومەتی عێراق شتێكی كردووە، بەڵام بەپێی پێویست نەبووە. ئەوانەش كەسی ئێمەن و  سەرەڕای ئەو كێشە ئابوورییەی هەمانە یارمەتیان دەدەین. بەڵام توانامان سنووردارە."

(دزەیی) بە شانازییەوە باسی لە هاوكارییە مرۆییەكانی توركیا كرد و رایگەیاند: "ئافاد لە دهۆك كەمپێكی جوانی دروست كردووە، خوازیاری دروستكردنی كەمپی دیكەیشین"، لە باسی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستانیش رایگەیاند: "بە تێگەییشتنەوە تەماشای قۆناخی سیاسیی ئەو ماوەیەی توركیا دەكەین. بارمتەكان لە دەستی داعشدا بوون. بە سرووشتی وەری دەگرین. توركیا چیی بۆ ئێمە كردووە، روونكردنەوەی ئەوە ناكەوێتە ئەستۆی ئێمە. ئەگەر بڵێین هیچی نەكردووە راست نییە، شتێكی لەو شێوەیەش لە ئارادا نییە، هەندێك شتی كرد. ئێمە رێز لە بۆچوونی توركیا دەگرین ئەگەر نەیەوێت ئەوانە رابگەیەنێت ."
لە وەڵامی پرسیاریكدا لەبارەی ئەوەی ئایا دوای ئەوەی بارمتەكان ئازاد كران، چاوەڕوانییەكانی هەرێمی كوردستان چییە لەسەر توركیا، (دزەیی) رایگەیاند: "ئەوە بە تەواوەتی بەندە بە سیاسەتی توركیاوە. پەیوەندییەكە لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراوە. تەواوی ناوچەكە رووبەڕووی تیرۆر بووەتەوە، توركیایش وڵاتێكی بەرپرس و جیددیە. وڵاتێكی بەهێزی ناوچەكەیە و ئەندامی ناتۆیە."
هاوكات ئاماژەی دا، كە گەلەكەمان زیاتری لە توركیا چاوەڕوان دەكرد و گوتی: "لە وڵاتانی دیكەوە شاندی وڵاتان لەسەر ئاستی باڵا سەرۆككۆمار، سەرۆكوەزیران و وەزیرەكان، شاند دەهاتن سەردانی هەرێمی كوردستانیان دەكرد. بە دڵنیاییەوە كاتێك خەڵك شاندێكی لەو شێوەیە لە توركیاوە نابینێت بێن، ئەوە زیاتر لەلایەن خەڵكەوە سەرزەنشت دەكرێت. واتە مرۆڤەكان سەرزەنشتی دۆستەكانیان دەكەن. خەڵك چاوەڕوانییەكی لەو شێوەیەیان هەبوو. چاوەڕوانییەكانمان لە توركیا زۆر زیاتر بوو و هیوادارین ئەو شتانە بە شێوەیەكی دۆستانە ئەنجام بدرێن."
 

هەواڵی پەیوەندیدار