20-ەمین کەشتی بە نەوتی کوردستان بار دەکرێ.. تائێستا 13.7ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ڕەوانە کردووە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی تورکیایی لە بواری کەرتی نەوتدا ئەمڕۆ پێنجشەممە گوتی، لە مانگی ئایارەوە، هەریمی کوردستانی نیمچەسەربەخۆ، نزیکەی 13.7ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە ڕێگەی 19 کەشتیی نەوتهەڵگرەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە.
ئەو بەرپرسە بۆ ڕۆیتەرز دەڵێ، "نەوتی کوردستان بەبێ کێشە هەناردە دەکرێ. ەکشتیی دووەمیش لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بار دەکری"، زیاتر گوتی، عەمبارەکانی نەوتی بەندەری جەیهان لە ئێستادا 445هەزار بەرمیل نەوتیان تێدا کۆ کراوەتەوە.
وەزیری وزەی تورکیا(تانەر یڵدز)-یش دوێنێ چوارشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، بانکی خەڵکی تورکیا کە دەوڵەت بەڕیوەی دەبات، پارەی کڕیارانی نەوتی کوردستانی تێدا هەڵگیراوە و لە ئێسایشدا 400 ملیۆن دۆلاری فرۆشی نەوت لە باکەکەدایە.
زیاتر دەڵێ، ئەو چالاکیی هەناردەی نەوتە، بەهاکەی تا ئێستا گەییشتووەتە ملیارێک و 300هەزار دۆلار.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی مایۆ-ئایارەوە، لە ڕێگەی هێڵی بۆریی نوێ و سەربەخۆی نەتەوە، نەوتی دەرهێنراوی کوردستان ڕەوانەی تورکیا دەکات. بەگدایش بە توندی بەرهەڵستیی ئەو بڕیارەی هەولێری کردووە و دەکات و دەیەوێ هەر هەناردەیەکی نەوت لە ڕێی کۆمپانیای سۆمۆوە بێ و پارەکەیشی هەر لەوێوە دابەش بکرێ.
حکوومەتی هەرێمیش پشتبەستوو بە دەستووری هەمیشەیی عێراق و بەپێی یاسا، ئەو مافەی بەخۆی داوە نەوت دەربهێنێت و هەناردەیشی بکات.
زریان زیاد




