جەعفەر ئێمینكی: فەیلییەكان بەشێكی گرینگی میللەتی كوردن و نابێ پەراوێز بخرێن.. كەسوكاری ئەنفالكراوان چینێكی بەرچاوی كوردستانن

هەولێر-KDP.info- لە سێ كۆبووەنەوەی جیادا لەگەڵ هەریەكە لە كۆمەڵەی كوردە فەیلییەكان، كۆمەڵەی پەرەپێدان بە تواناكانی لاوانی كەمئەندامی كوردستان و شاندی كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، فەیلییەكان بەشێكی گرینگی میللەتی كوردن و دەبێت رۆڵیان لە بڕیارە سیاسییەكان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەبێت و پەراوێز نەخرێن. دەشڵێت، "پێویستە هەموومان بە پەرۆشەوە بە دەنگ داواكارییەكانی كەسوكاری ئەنفالكراوانەوە بێین، چونكە چینێكی بەرچاوی كوردستانن".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی)، پێشوازیی لە شاندێكی كۆمەڵەی كوردە فەیلییەكان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی كۆمەڵەكە (سامی فەیلی) كرد.
لە دانیشتنێكدا جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەخێرهاتنی شاندەكەی كرد و ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی كوردە فەیلییەكان دا لە شۆڕشەكانی كورد و ئەو نەهامەتیانەی لەسەر دەستی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بەسەریاندا هاتووە، وەك چۆن كورد بە گشتی لە ئەنجامی سیاسەتە چەوتەكانی دەستەڵاتدارانی عێراق قوربانیی زۆری داوە.
گوتیشی، "فەیلییەكان بەشێكی گرینگی میللەتی كوردن و دەبێت رۆڵیان لە بڕیارە سیاسییەكان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەبێت و پەراوێز نەخرێن".
لای خۆیەوە سەرۆكی شاندی كۆمەڵەی كوردە فەیلییەكان بە ناوی شاندەكەوە سوپاسی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كرد بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە و چەند داواكارییەكی دەربارەی چۆنیەتیی چارەكردنی كێشەكانیان خستە ڕوو، جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش بەڵێنی دا كە پەرلەمانی كوردستان لە رێی لیژنەكانیانەوە بەدواداچوونی ئەو كێشانە بكات بۆ دۆزینەوەی چارەی گونجاو.
لە لایەكی دیكەیشەوە و هەر ئەمڕۆ، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی لە شاندێكی كۆمەڵەی پەرەپێدان بە تواناكانی لاوانی كەمئەندامی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی كۆمەڵەكە (سەركەوت نانەكەلی) كرد.
لە دانیشتنێكدا سەرۆكی شاندەكە چەند داواكارییەكی كۆمەڵەكەیانی خستە ڕوو كە بریتی بوون لە بەستنی كونفڕانسێك لەگەڵ تەواوی رێكخراوەكانی كەمئەندامان و دروستكرنی چەترێكی هاوشێوەی فیدراسیۆن بۆ كەمئەندامان و دابینكردنی زەمالەی خوێندن بۆیان لە دەرەوەی وڵات، هەروەها پەلە بكرێت لە چارەكردنی ئەو كەمئەندامانەی كە گیروگرفتی تەندروستییان هەیە.
لای خۆیەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەخێرهاتنی گەرمی شاندەكەی كرد و ئامادەیی پەلەمانی كوردستانیشی بۆ بەدواداچوونی هەموو داواكارییەكانیان و چارەكردنی كێشەكانیان دەربڕی، بە تایبەتی دابینكرنی زەمالەی خوێندن بۆیان.
گوتیشی، "ئەوەی داوای دەكەن حەقی خۆتانە، چونكە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە ڕیزی پێشەوەن بۆ دابینكرنی پێداویستییەكانیان و، بەڵێنی دا كە پەرلەمانی كوردستان ئەو داواكاریانە بە هەند وەربگرێت و هەوڵی جێبەجێكردنیان بدات.
هاوكات جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی)، پێشوازیی لە ژمارەیەك لە كەسوكاری ئەنفالكراوان كرد، كە بە مەبەستی خستنەڕووی چەند داواكارییەك سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كردبوو.
لە دانیشتنێكدا، كە ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ئامادەی بوون، جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەخێرهاتنی شاندەكەی كرد و پشتیوانیی پەرلەمانی كوردستانی بۆ كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال دووپات كردەوە. ڕاشیگەیاند، "پێویستە هەموومان بە پەرۆشەوە بە دەنگ داواكارییەكانی كەسوكاری ئەنفالكراوانەوە بێین، چونكە چینێكی بەرچاوی كوردستانن".
شاندی كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال داوایان كرد پێداچوونەوە بە یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان بكرێت و پەرلەمانی كوردستان زیاتر كار لەسەر كەیسی ئەنفالكراوان بكات.
لە لای خۆیەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئامادەیی پەرلەمانی كوردستانی بۆ بەدواداچوونی هەموو كێشەكانی كەسوكاری ئەنفالكراوان دەربڕی و، بەڵێنی دا لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان بۆ چارەكردنی ئەو كێشانە رابسپێرێت.




