٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بارزانی: چەکی نوێمان پێویستە.. تیرۆریستان نەیانتوانیوە و نایشتوانن کۆبانی داگیر بکەن

سەرچاوە: KDP.info
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا. هەولێر-ئەمڕۆ

هەولێر-KDP.info-  لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، (سەرۆك بارزانی) وێڕای پێزانینی بە هاوكاری و پشتیوانییەكانی ئەڵمانیا، ڕایگەیاند، پێشمەرگە پێویستی بە چەكی نوێ و پێشكەوتووە، نەك تەقلیدی. دەربارەی كۆبانییش گوتی، "داوامان لە ئەمەریكا و هاوپەیمانانی كردووە بەر بە دووبارەبوونەی كارەساتێكی دیكە بۆ سەر كورد بگرن و سوپاسیان دەكەین بۆ هەر هاوكارییەك".

لە سەرەتای كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەولێر ساز درا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە گەرمی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیای بەخێر هێنا و گوتی، "هاتنی بەڕێزتان بۆ كوردستان نیشانەی بایەخی ئەڵمانیایە بە پێوەندیی ئەڵمانیا بە كوردەوە، ماوەیەك لەمەوبەر وەزیری دەرەوەیش سەردانی كردین و جێی بایەخ بوو."
(سەرۆك بارزانی) لە قسەكانی بەردەوام بوو و رایگەیاند، "پاش هێرشی تیرۆریستان، ئەڵمانیا بڕیاری دا هاوكارمان بێت لە ڕووی سەربازییەوە و ناردنی چەك بۆ پێشمەرگە، دەزانین كە بڕیارێكی ئاسان نەبوو، پڕ بە دڵ سوپاسیان دەكەین و سوپاسی پەرلەمانی ئەڵمانیایش دەكەین، كە كەم جار هەبووە بەو ڕێژە زۆرە دەنگی دەربارەی وەها پرسێكی گرینگ دابێ، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو ڕاستییە ڕوونتر دەبێتەوە كە داعش هەڕەشەیە بەسەر هەموو دنیاوە، خۆشحاڵیشین بە بەرفراوانتربوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەو هیوایەی كە تیرۆریستان لە هەر كوێیەك بنەبڕ بكرێن."
ئاماژە بە ئەو چەكانەیشی كە تا ئێستا بە پێشمەرگە گەییشتوون، ڕایگەیاند، "ئەو چەكانەی كە پێمان گەییشتوون جێی ڕێزە و سوپاسیان دەكەین، بەڵام چاوەڕوانی چەكی پێشكەوتووین نەك تەقلیدی، داوا دەكەین لە ڕووی جۆر و ژمارەوە چەكی باشترمان بدەنێ تا پێشمەرگە دوژمن زیاتر تێك بشكێنێ. چونکە ئەگەر چەكی پێویست لە دەست پێشمەرگەدا بێ، پێویستمان بە هیچ هێزێك نییە و داوایشمان نەكردووە، بەڵام هەر لایەك هێز بنێرێ سوپاسی دەكەین، چونكە ئەمە تەنیا شەڕی ئێمە نییە و لە جیاتی هەموو دنیا شەڕی تیرۆر دەكەین."
دەربارەی پرسی كۆبانی و هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لە داواكاریی پشتیوانی، (سەرۆك بارزانی) دەڵێت، "كە بیستمان كۆبانی لە بەردەم مەترسیدایە، چیی لە تواناماندا بوو بۆ پێوەندیكردن بە ئەمەریكا و دنیاوە كردمان كە بەر بە كۆمەڵكوژی بگرن و نەهێڵن كارەساتێكی دی بەسەر گەلی كورددا بێتەوە"، زیاتر ڕوونی کردەوە "هەڵكەوتەی جیۆگرافی كۆبانی وەهایە، لە قامشلۆ و حەسەكەوە تا كۆبانی سنوورێكی زۆرە و هۆزی عەرەبی لێن و گەییشتن پێی ئاسان نییە، ئەگینا هاوكاریی ئێمە جۆرێكی دی دەبوون".
(سەرۆك بارزانی) جەختیشی کردەوە، "خۆشبەختانە تیرۆریستان نەیانتوانیوە کۆبانی داگیر بکەن و و نایشتوانن داگیری بکەن، جا ئەم هاوكارییەی ئەمەریكا لەسەر ئێمە بووبێت یان نا، گرینگ پرۆسەی هاوكارییەكەیە و سوپاسی دەكەین."

لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، "لە دانیشتینی یەكەمدا دەربارەی دوو پرسی سەرەكی قسەمان كرد، دەربارەی ئەوەی دۆخی ئاوارەكان لێرە چۆنە، هەڵبەت ڕێزی زۆررمان بۆ وەرگرتنی هەموو ئەو ئاوارانە هەیە كە لە وەها دۆخێكدا هەرێمی كوردستان ئەوان دەپارێزن."
گوتیشی، "لەو گفتوگۆیانەدا دەركەوتووە كە كاری زۆر و باش بۆ ئاوارەكان كراوە، بەڵام بە هۆی نزیكبوونەوە لە وەرزی زستاندا پێویستیان بە هاوكاریی زیاتر هەیە و هیوایش دەخوازین لە داهاتوودا بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. ئەو وڵاتە (عێراق) كە بەوە ناسرابوو وڵاتێكی فرەنەتەوە و ئایینە، گرینگە بۆ پاراستنی ئەو پێكەوەییە ئەو هاووڵاتیانە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و بە ئاشتی و ئارامی بژین."

دەربارەی چەكیش بۆ پێشمەرگە، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا (ئۆرسۆلا فۆن دێر لێین) گوتی، "ناردنی چەك و تەقەمەنی بۆ پێشمەرگە كە بە درێژایی 1050 كم لە شەڕی تیرۆردایە، لە جێی خۆیدایە و پێویستی بە چەك هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوە. وەزیری پێشمەرگە باسی لەوە كرد كە چەند ئازایانە ئەو جەنگە بەڕێوە دەبەن، بەڵام بە هۆی نەبوونی چەكی پێشكەوتووەوە، شەڕ بۆ پێشمەرگە سەختە، بۆیە ئێستا لێرە بە بایەخەوە پێشوازی لە چەكی نوێ دەكرێ، تا باشتر و بەهێزتر بەرەوڕووی تیرۆر ببننەوە."

ئاماژەیشی دا، "ماوەیەكی كەممان هەبوو بۆ باسكردن لە دۆخی سیاسیی عێراق و پێشووەچوونی پرۆسەكە، بەڵام بابەتی متمانە پرسێكە و گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە دەكەین."
(ئۆرسۆلا فۆن دێر لێین)، هاوكات دەربارەی بەردەوامبوونی پێوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، ڕایگەیاند "هاوكاری و هەماهەنگیمان پاش تێكشكاندنی داعشیش، هەروەك چۆن پێشتریش هەبوون و باش بوون، لە داهاتوویشدا برەویان پێ دەدەین. نیازمان وایە لە مەودای ماناوەند و درێژدا بۆ گێڕانەوەی ئاوارەكان پێكەوە كار دەكەین و هەوڵیشمان دەبێ بۆ بەشداریێكی كارا لە سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی عێراقدا."

شیاوی باسە بەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە کە ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ شاری هه‌ولێر ساز درا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی له‌ وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا(ئورسولا فۆن دێر لایێن) و شاندێكی یاوه‌ری كرد كە پێكهاتبوون لە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سەربازیی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا.

له‌ دیدارێكدا كە ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان(مەسروور بارزانی) و وەزیری پێشمەرگە(مستەفا سەیدقادر) و (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولرەحمان و جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان و نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەڵمانیا(دڵشاد بارزانی) و گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان(سەفین دزەیی) ئامادەی بوون، (سه‌رۆك بارزانی) به‌ گه‌رمی به‌خێرهاتنی‌ وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا و شاندی یاوه‌ری كرد و سوپاسی حكوومه‌ت و گه‌لی ئه‌ڵمانیای كرد، كه‌ له‌ كاتی ته‌نگانه‌دا پشتگیرییان له‌ گه‌لی كوردستان كرد و ئاماژه‌ی به‌ بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا دا بۆ پشتگیری كردن له‌ گه‌لی كوردستان، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ بڕیارێكی ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام جێگه‌ی پێزانینه‌ و وایكرد كوردستان پشتئه‌ستوور بێت به‌وه‌ی دۆستێكی مەزنی وه‌كو ئه‌ڵمانیای هه‌یه‌.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا (سه‌رۆك بارزانی) باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ جێگه‌ی شانازییه‌ ئه‌مڕۆ گه‌لی كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ جیاتی جیهان شه‌ڕی ده‌وڵه‌تێكی تیرۆریستیی پڕچه‌ك ده‌كات كە چەكی دوو دەوڵەتی كەوتووەتە دەست و ئاماژه‌ی به‌وەیشدا، كه‌ تیرۆریستان به‌ ته‌نها هه‌ڕه‌شه‌ نین بۆ سه‌ر كوردستان، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر هه‌موو جیهان بۆیە له‌ناوبردنی تیرۆریستانی داعش و ڕیشەكێشكردنیان‌ پێویستی به‌ هه‌وڵێكی هاوبه‌شی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌.

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا (سه‌رۆك بارزانی) باسی له‌ خۆراگری و سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كرد و ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، كه‌ پێشمه‌رگه‌ توانی كوردستان بپارێزێ و پارێزگاریشی له‌ ژیانی زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن ئاواره‌ له‌ پێكهاته‌ ئاینی و نه‌ته‌وەیی‌ و ئیتنیه‌ جیاجیاكان بكات، كه‌ له‌ ترسی هه‌ڕه‌شه‌كان په‌نایان بۆ كوردستان هێناوه‌.

(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا باسی له‌ دۆخی مه‌یدانیی بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆریستان كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئێستا ده‌ستپێشخه‌ری له ‌ده‌ستی پێشمه‌رگه‌یه و هێزەكانی پێشمه‌رگه‌‌ بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان كەوتوونەتە قۆناخی هێرشبردن. هه‌ر له‌و دیداره‌دا (سه‌رۆك بارزانی) بە وردی شاندی میوانی له‌ بارودۆخی ناله‌باری ئاواره‌كان و پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی كرد و جەختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تیی كێشەی ئاوارەكان ئه‌وه‌یه‌ كە بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنەكانی خۆیان و بشپارێزرێن. هێمایشی بەوەدا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكیەوە یارمەتیی ئاوارەكانی داوە، بەڵام ژمارەی ئاوارەكان و ئاستی كارەساتەكە لە تواناكانی هەرێم تێپەڕیوە.

له‌به‌رامبه‌ردا وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا(ئورسولا فۆن دێرلایێن) سوپاسی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی لێیان كرا و ئاماژه‌ی ‌دا، ئه‌ڵمانیا به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یری خۆڕاگری پێشمه‌رگه‌ و پاراستنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ئاواره‌كان ده‌كات و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ ئه‌ڵمانیا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كان و پڕچه‌ككردن و راهێنانی‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ ئه‌وان باش ده‌زانن كوردستان له‌جیاتی جیهان شه‌ڕی تیرۆریستان ده‌كات، بۆیه‌ ئەڵمانیا بڕیاری هاوكاری و پاڵپشتیكردنی كوردستانی داوە.

هه‌روه‌ها وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا له‌ درێژه‌ی قسه‌كان‌یدا باسی له‌ مرۆڤدۆستیی گه‌لی كورد كرد و گوتی: "گەلی كوردستان له‌ناوچه‌كه‌دا پێشەنگی‌ پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌ییه‌ و ئه‌مه‌ش جێگه‌ی ڕێز و پێزانینی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌."

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان(مسته‌فا سه‌ید قادر) لە گوتەیەكیدا تیشكی خستە سەر ئەو هاوكارییانەی دەوڵەتانی دۆست پێشكەشی هێزی پێشمەرگەیان كردووە و پێداویستیه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و وردەكاریی تەكنیكی و بارودۆخی مه‌یدانیی به‌ره‌كانی شه‌ڕی بۆ ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ شیكرده‌وه‌.

پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازە ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.

 

هەواڵی پەیوەندیدار