بەرەی شەڕ لە چیای شنگال فراوانتر بووە.. ژمارەی پێشمەرگەیش لە زیادبووندایە

شنگال-kdp.info- قایمقامی پێشووی شارۆچكەی شنگال ڕایگەیاند، ئێستا بەرەی شەڕ لە چیای شنگال زۆر فراوان بووە و رۆژ بە رۆژیش ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگە زیاتر دەبێت.
قایمقامی پێشووی شارۆچكەی شنگال (دەخیل قاسم)، بە kdp.info-ی گوت، لە سەرەتای كۆنتڕۆڵكردنی شنگال لەلایەن داعشەوە، هێزی پێشمەرگە تەنیا لە یەك شوێن بوون، بەڵام لە ئێستادا بەرەی شەڕ فراوان كراوە و لە حەوت شوێن پێشمەرگە هەیە و رۆژ بە رۆژیش زیاتر دەبن.
قایمقامی پێشووی شارۆچكەی شنگال گوتیشی، بە بەردەوامی هاوكارییان بۆ رەوانە دەكرێت و رێگەی چیای شنگالیش بۆ رۆژئاوای كوردستان فراوانتر دەكرێت.
(دەخیل قاسم) كە لە سەرەتای گرتنی شنگال لەلایەن داعشەوە لە چیای شنگالە و چەند رۆژێكە گەڕاوەتەوە دهۆك، زیاتر گوتی، "ئاوارەكان پێویستیان بە كەمپ هەیە و شوێنی نیشتەجێبوون كەمن، بۆیە لە حكوومەتی خۆجێیی دهۆك و نەتەوەیەكگرتووەكان داواكارین بە زوویی ئەو كێشەیەیان بۆ چارە بكەن".
بڵند ئیبراهیم




