پێشمەرگە لە ناوەران گورزێكی كوشندەیان لە داعش دا.. یازدە تیرۆریست كوژراون

ناوەران-kdp.info- بەرپرسێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، لە شەوی رابردووەوە تا ئەمڕۆ، دوو گورزی كوشندەیان لە داعش وەشاندووە و یازدە تیرۆریستیش كوژراون.
بەرپرسی لقی نۆی پارتیی دیموكراتی كوردستان (سەربەست تروانشی) كە ئێستا لە میحوەری ناوەرانە، بە kdp.info-ی راگەیاند، شەوی رابردوو چەكدارانی داعش هێزی پێشمەرگەیان تۆپباران كرد، بەڵام گوللەتۆپەكانیان نەتەقینەوە، دواتر هێزی پێشمەرگە بە توندی وەڵامیان دانەوە و گورزێكی كوشندەیان لێ وەشاندن، لە ئاكامیشدا پێنج چەكدار كوژران.
بەرپرسی لقی نۆی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتیشی، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش لە یەكێك لە بارەگاكانی خۆیان كۆ ببوونەوە، هێزی پێشمەرگەیش ئەو بارەگایەی بۆردوومان كرد و بەسەر چەكداراندا ڕووخاوە، لە ئەنجامدا شەش چەكدار كوژران و ژمارەیەكیش بریندار بوون.
(تروانشی) ڕوونیشی كردەوە، داعش ورەی ڕووخاوە و بە هیچ جۆرێك توانای بەرگرییان نەماوە، تەنانەت ئەوەندە شپرزەن بە نهێنی هاتوچۆ دەكەن.
بڵند ئیبراهیم




