٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەلپارتی: ئەندامانمان دەیانەوێ شەڕی داعش بكەن، بەڵام یەپەگە لەسەر ئەوە سوورە كە هیچ شەریكێك قبووڵ ناكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی پارتیی دیموكراتی كوردستانی سووریا، ڕەتی دەكاتەوە كە ئەندامانیان داوایان لێ كردبن بچنە رۆژئاوای كوردستان و دەشڵێت، "هەموو سەركردایەتی و رێكخستنەكانمان لە رۆژئاوای كوردستانن و بۆ بەرگریكردن ئامادەن، بەڵام لەلایەن پەیەدەوە رێگرییان لێ دەكرێت."

ئەندامی سەرکردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان سووریا (نووری بریمۆ) بە kdp.info-ی راگەیاند، "تەواوی ئەندامانی سەركردایەتیی ئێمە لە رۆژئاوای كوردستانن و تەنیا دوو سێ ئەندامێك لێرە ماون، ئەگەر نا سكرتێری حزب و هەموو ئەندامان و لایەنگرانمان لە رۆژئاوای كوردستان درێژە بە خەباتی سیاسیی خۆیان دەدەن."
سەبارەت بە مەبەستی گردبوونەوەی ئەندامانی ئەوان بۆ بەردەم بارەگای حزبەكەیان، (بریمۆ) گوتی، "ئەوانەی ئەمڕۆ هاتبوونە بەردەم بارەگاكەمان، قوتابی بوون و كەسوكاریان لەسەر سنوورە لە كۆبانی و هەندێك داواكارییان هەبوو، هیچ كێشەیەكیش ڕووی نەداوە و نە ئێمە ئەوانمان دەركردووە و نە ئەوانیش ئێمەیان دەركردووە، بەڵكە تەنیا داوایان ئەوە بوو كە كارێك بۆ كەسوكاریان بكرێت و ئێمەیش خۆپێشاندانێكمان بۆ بەردەم نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجام داوە و، داوای هاوكاریمان لە دەستگای خێرخوازیی بارزانی كرد و هاوكارییان بۆ چووە، بە هیچ جۆرێكیش داوایان نەكردووە ئێمە بچینە شەڕی داعش لە كۆبانی و ئەو هەواڵانەی بڵاو كراونەتەوە، لە راستییەوە دوورن."
گوتەبێژی پارتیی دیموكراتی كوردستانی سووریا راشیگەیاند، پەیەدە هەموو پارتیێكی سیاسی قەدەخە دەكات و خۆیشی ناتوانی بەرگری لە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بكات، هەروەها رێگەیش نادات كەس ببێتە هاوبەشیان و هاوكارییان بكات.
(نووری بریمۆ) زیاتر گوتی، "ئێمە چەكدارمان لێرە و لە رۆژئاوای كوردستان هەن و ئامادەن بۆ بەرگریكردن، بەڵام ئەگەر ئێمە بڕیارێكی سیاسی وەربگرین، براكوژی دەكەین و پەیەدە ئامادەیە ئێمە بكوژێت نەك شەریك بین و داوای هاوكاری دەكات بۆ ئەوەی لە ژێر ئاڵای ئەواندا شەڕ بكەین، ئەمەیش ناكرێت."
(بریمۆ) هەروەها ڕوونی كردەوە، گەیاندنی هاوكارییەكان سەرەتا لەلایەن توركیاوە رێگرییان لێ دەكرا، بەڵام ئێستا رەنگە گەییشتبنە ئۆرفا.
ئەو زیاتر ڕوونی كردەوە، رەوشی كۆبانی خراپە و داعش نزیك دەبێتەوە لە كۆنتڕۆڵكردنی، سەرەڕای ئەوەی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی تیرۆریستان بۆردوومان دەكەن، بەڵام یەپەگە لەسەر ئەوە سوورە كە هیچ شەریكێك قبووڵ ناكات و چەند گرووپێكی چەكداریی ئێمە دەیانەوێ بەشدار بن، بەڵام رێگرییان لێ دەكرێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی حكوومەتی هەرێم لەبارەی كۆبانی، ئەو گوتەبێژە گوتی، هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئیجابییە، بەڵام هاوكاریكردن ئەستەمە، چونكە سنوور و بڕیاری سیاسی و چەندین وڵاتی دراوسێ هەن، ئەگەر حكوومەت توانای هەبووایە، چۆن هەولێر دەپارێزێت، بە هەمان شێوە كۆبانێش دەپارێزیت و هەڵوێستەكانیشیان ڕوونن، لەوانە هەڵوێستی (سەرۆك بارزانی) كە بە ئاشكرا گوتی، "ئامادەین پارێزگاری لە خەڵكی كۆبانێ و رۆژئاوای كوردستان بكەین."

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار