ئۆباما: هیچ خوایەک نییە سەربڕینی قبووڵ بێ

نیویۆرک-KDP.info- سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا(باڕاک ئۆباما)، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاماژە بەو ڤیدیۆیانەی کە داعش بڵاویان دەکاتەوە، ڕایگەیاند، هیچ خوایەک نییە ئەمەی قبووڵ بێ.
لە دانیشتینی گشتیی یوئێندا (ئۆباما) زیاتر گوتی، ئەو کۆششە بە وردی ڕێ لە گەییشتنی چەکداران بە نێو ڕیزەکانی داعش دەگرێ و هەروەها کار لەسەر بڕینی ئەو پشتیوانییە داراییە دەکات کە بە داعش دەدرێ.
ئەم گوتانەی (ئۆباما) پاش ئەوە دێ کە زیاتر لە جارێک و بە بەرچاوی کامێراکانەوە، چەکدارانی داعش بارمتە بیانییەکان و خەڵکی دیکەیش کە پێچەوانەی ئەوان بیر دەکەنەوە سەر بڕیون.
سەرۆکی ئەمەریکا هاوکات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، لەو کەسایەتییە ئایینیانە نەبوورن کە توندوتیژی لە نێوان ئایینەکاندا بڵاو دەکەنەوە، ئاماژەیشی دا بەوەی کە، هەموو ئایینەکان لە کاتێک لە کاتەکاندا، بەرەوڕووی هێرشی توندڕۆکان دەبنەوە.
دەربارەی پرسی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکانیش گوتی، ئەو دۆخەی لە غەززە و ناوچەی ڕۆژئاوا لە ئارادایە نابێت بەردەوام بێ، ئاماژەیشی دا بەوەی زۆرێک لە ئیسرائیلییەکان، بە هۆی بوونی توندوتیژییەوە، دەستبەرداری بژاردەی ئاشتی بوون.
پێوەست بە دۆسێی ڕووسیایش، ڕایگەیاند، ڕووسیا لە ئۆکڕاینا سنووری بەزاندوون و بە داگیرکردنی کریما عورفە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردوون، ڕێز لە دەرکەوتە و ئیرادەی گەلی ئۆکڕاینا ناگرێ و هێز بەرەو سنوور دەجووڵێنێ.. ئاماژە بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە ئۆکڕاینا کە بە دەستپێکێکی باش ناوی برد، زیاتر گوتی، ئەمەریکا ئامادەیە هاوکار بێ.
لە سی ئێن ئێنەوە- زریان زیاد




