داوا لە یوئێن كرا ئەركی خۆی بەرانبەر قەیرانی دارایی هەرێم جێبەجێ بكات.. پێویستە گوشارەكانی سەر بەغدا زیاتر بكرێن

هەولێر-kdp.info- لە كۆبوونەوەیەكی فراوانی نێوان حكوومەتی هەرێم و نەتەوەیەكگرتووەكاندا، داوا كرا یوئێن ئەركی خۆی بۆ گوشارخستنەسەر بەغدا بە مەبەستی ناردنی مووچەی فەرمانبەران و بەشەبودجەی هەرێم، جێبەجێ بكات.
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم و نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاری هاوبەش لە بوارەكانی مرۆیی، سیاسی، ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان، ئەمڕۆ كۆ بوونەوە.
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان (د. دیندار زێباری) و بەرپرسی هەرێمیی نەتەوەیەكگرتووەكان (سوكول كوندی) و بەرپرسانی ئاژانسەكانی یوئێن لە هەرێم بەشداری كۆبوونەوەكە بوون.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پێویستیی بەهێزكردنی پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان ئاژانسەكانی یوئێن و یۆنامی لە بوارە جیاوازەكاندا لەگەڵ دامودەستگەكانی حكوومەتی هەرێم كرا كە ڕا و بۆچوونی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت بۆ كاری هاوبەش لە بەرچاو بگرن.
هەروەها تیشك خرایە سەر هاوكاری و پشتگیریی نەتەوەیەكگرتووەكان و لایەنە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوشارخستنەسەر وڵاتانی كۆمەكبەخش بۆ ئەوەی یارمەتیی دارایی هەرێم بدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی مرۆیی و باس لە پێویستیی ئەكتیڤكردنی ئاژانسەكانی یوئێن لە هەرێمی كوردستان كرا، بە تایبەتی لە بواری پشتگیریی هەوڵەكانی هەرێم بۆ وەرگرتنی زانیاری و تۆماركردنی بەڵگەنامە و شایەتحاڵەكانی كارەساتی شنگال و ناوچەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
هاوكات بۆ چارەكردنی قەیرانی ئاوارەكان، پێداگری لەسەر پێویستیی گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان كرا كە بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە چارەیەكی سیاسی و سەربازی هەیە بۆ رزگاركردنی ناوچەكانیان و دابینكردنی ئارامی و سەقامگیری و دووبارە ژیاندنەوەی ناوچەكانیان كە ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی تیرۆریستی داعشدان.
هەر سەبارەت بەم پرسە تیشك خرایە سەر پێویستیی یارمەتیدانی سەربازیی هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر و ئازادكردنی ئەو ناوچانەی كە لە ماوەی رابردوودا كەوتنە بەر هێرشی چەكدارانی داعش و بە هەزاران خەڵكی ئەم ناوچانە ئاوارە و دەربەدەر كران و دەست بەسەر ماڵ و موڵكیاندا گیراوە.
قەیرانی داراییی هەرێم، تەوەرێكی دیكەی گرینگی كۆبوونەوەكە بوو كە داوا كرا لایەنەكانی یوئێن هەوڵ و گوشاری خۆیان بەگەڕ بخەن بۆ ئەوەی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق مووچەی فەرمانبەران و بەشەبودجەی هەرێم رەوانە بكات و كۆتایی بەم قەیرانە بێنێت. بۆ ئەم مەبەستە ئاماژە بە رۆڵ و ئەركی نێردەی تایبەتی یوئێن كرا كە نێردەیەكی سیاسییە و پێویستە ئەركی خۆی بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتیانی عێراق و هەرێم جێبەجێ بكات. بە تایبەتی لەسەر ئاستی نیویۆرك و سكرتاییەتی گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاساییش، چونكە نێردەی یوئێن بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاساییش، ساڵانە ماوەی مانەوەی بۆ چارەكردنی كێشەكان لە عێراق درێژ دەكرێتەوە، بۆیە ناكرێت یوئێن لەو بوارەدا بێدەنگ بێت و هەنگاوی جیددی نەهاوێژرێت بۆ بەرپرسیاركردنی حكوومەتی عێراق بەرانبەر هاووڵاتیانی.
سەبارەت رۆڵی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پێداگری لەسەر پێویستیی بەشداریكردنی هەرێمی كوردستان لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان بە پشتگیریی یوئێن كرا، بە تایبەتی لە بواری مرۆیی كە ئێستا هەرێمی كوردستان تووشی قەیرانێكی چاوەڕواننەكراو بووە. هەروەها داوا كرا ئاژانسەكانی یوئێن ستافی خۆیان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێم فراوانتر بكەن.
لە بەشێكی دیكەدا باسی پشتگیریی دەستگەكانی هەرێم و بەهێزكردنی رۆڵی كۆمەڵی مەدەنی و رێكخراوە ناحكوومییەكان كرا كە توانیویانە رۆلێكی ئەرێنی بۆ بەهێزكردنی حوكمڕانی شەفاف و نەهێشتنی كەموكورتی لە بواری خزمەتگوزاریی سەرەكی بۆ هاووڵاتیان، ئاوارە و پەنابەران بگێڕن.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، سەبارەت رەوشی كۆبانی هەندًێ زانیاری پێشكەش بە نوێنەرانی ئاژانسەكانی یوئێن كرا و تیشك خرایە سەر رەوشی خەڵكی ناوچەكە كە نزیكەی 200 هەزار كەس بە هۆی هێڕشی ئەم دواییەی چەكدارانی داعشەوە ئاوارە بوونە و كارەساتی كۆبانی بە شنگالی دووەم وەسف كرا.




