(مەحموود محەممەد) وەڵامی تۆمەتی هەبوونی کێشە لە نێو بەرپرسانی پارتیدا دەداتەوە.. ئیستیحقاق و دیاریکردنی پشکەکان هۆکاری دواکەوتنی بەشداریی کوردن لە کابینەی نوێدا

هەولێر-KDP.info- ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کورستان(مەحموود محەممەد)، وەڵامی ئەو تۆمەت و پڕوپاگندانە دەداتەوە کە لە هەندێ بڵاوکراوەی کوردیدا باس لە هەبوونی جیاوازی و کێشە لە نێوان هەندێ بەرپرسی پارتیدا دەکەن و، ڕایدەگەیەنێت، "ئەم گوتەگوتەی کە هەیە، هەندێکی حەزی خەڵكێکە و هەندێکیشی، لە خۆیانەوە قیاسی ئەم بابەتە دەکەن، ئەگینا ئەم جۆرە باسانە هیچ بنەمایەکی دروستیان نییە"، جەختی کردەوە، "ئێمە لە پارتیی دیموکراتی کوردستان، نە لە پێشتر ئەم کێشیەمان هەبووە، نە ئێستایش هەمانە، نە لەمەودوایش دەمانبێت."
لە وەڵامی ئەو تۆمەت و پڕوپاگندانەی کە ماوەیەکە لە هەندێ بڵاوکراوەی کوردیدا، باس لە هەبوونی جیاوازی و کێشە لە نێوان هەندێ بەرپرسی پارتیدا دەکەن پێوەست بە وەرگرتنی بەرپرسارەتی لە کابینەی نوێی حکوومەتی فیدڕاڵدا، هەروەها بۆچی بەشداریی کوردستان لە حکوومەتی نوێی فیدراڵدا دواکەوت، وەک ئەوەی هەندێ لە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە کێشە لەسەر دانانی کەسەکان هەیە؟ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی دەستگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیی دیموکراتی کورستان (مەحموود محەممەد)، تایبەت بە KDP.info–ی ڕاگەیاند، "ئەوەی ئێمە لەسەری ڕاوەستاوین بۆ بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتی فیدڕاڵ، کێشەی دانانی هەڤاڵانمان نییە، کە کامیان کام پۆست وەربگرێت، بەڵکە دەمانەوێ لە چوارچێوەی ئیجماعی کوردی و بە ڕەزامەندیی هەموو لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسی سیاسیی کوردستانیدا، پشکی کوردستان لە کابینەی نوێدا دیاری بکرێت.. هێشتایش موناقەشەی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەوەیە و گوشاری (سەرۆک بارزانی) و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و مەکتەبی سیاسیی پارتییش بە هاوکاریی هاوپەیمان و دۆستانمانەوە، بۆ دابینکردنی ئیستیحقاقی کوردستانە."
(مەحموود محەممەد) ڕوونتری کردەوە، "ئەوەیش بۆ ئەوەیە، یەکەم: جەختکردنەوە و موتابەعەی جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەی شاندی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ (عەبادی) دیارییان کردبوو و ڕوونبوونەوەی ماوە و میکانیزمی جێبەجێکردنیان. دووەم: ئیستیحقاقی کورد وەک نەتەوەی دووەم کە عێراقی لێ پێک هاتووە، تا سەنگی کوردستانی پێوە دیار بێت. سێیەمیش وەک ئیستیحقاق، ئیستیحقاقی هەڵبژاردن کە لە 30-4-2014 ئەنجام درا."
لە وەڵامی چەند ڕۆژنامەیەکیشدا کە هەواڵی ئەگەری بوونی ناکۆکیی نێوان هەڤاڵانی پارتی، لەسەر وەرگرتنی پۆستەکان باس دەکەن، ئەمە چەندی ڕاستە و ئایا ئەم ناکۆکییە بوونی هەیە؟، (مەحموود محەممەد) گوتی، "سەبارەت بەو دەنگۆ و پرۆپاگندەی لە هەندێ بڵاوکراوەی کوردستاندا بڵاو کراونەتەوە، کە گوایە بەرپرسانی پارتی لەسەر پۆستەکان کێشەیان هەیە، لێرەدا زۆر بە ڕاشکاوی و دڵنیاییەوە ڕایدەگەیەنم کە، ئەم گوتەگوتەی کە هەیە، هەندێکی حەزی خەڵكێکە و هەندێکیشی لە خۆیانەوە قیاسی ئەم بابەتە دەکەن، ئەگینا هێچ بنەمایەکی دروستیان نییە"، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی زیاتر ڕوونی کردەوە، "ئێمە لە پارتیی دیموکراتی کوردستان، نە لە پێشتر ئەم کێشیەمان هەبووە، نە ئێستایش هەمانە، نە لەمەودوایش دەمانبێت، هەر کات خاڵی یەکەم، کە حکوومەتی فیدراڵ لەسەر پشکی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان ڕێک کەوت و، ئەوکاتەی ئەو پشکانەی لە کابینەی نوێدا بەر پارتی دەکەون دیاری کران، پارتیمان ئەو هەڤاڵانە کە لەلایەن سەرکردایەتییەوە بۆ ئەو پۆستانە تەکلیف دەکرێن ئاشکرا دەکات."
(مەحموود محەممەد) جەختیشی کردەوە، "عادەت و شێوازی کارکردنی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئەوە بووە، کە سەرۆک و مەکتەبی سیاسیی پارتی، تەکلیفی هەر هەڤاڵێک بۆ هەر پۆست و بەرپرسارەتییەک بکەن، ئەوا دەبێتە بڕیار و جێبەجێ دەکرێت، دووبارەی دەکەمەوە کە هیچ بنەمایەک بۆ ئەو دەنگۆ و پرۆپاگندانە نییە."




