وەزیرى پێشمەرگە: هاوکاریکردنى کوردانى رۆژئاوا ئەرکێکى نیشتیمانىیە

هەولێر-kdp.info- وەزیرى پێشمەرگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان(مستەفاى سەیدقادر) پێشوازى لە هێرشەکانى فڕۆکە شەڕکەرەکانى هاوپەیمانان بۆ سەر مۆڵگەکانى داعش لە سووریا کرد و دەڵێت "ئەو هێرشانە پێشکەوتنى بەرچاو لە شەڕى داعشدا دەبینن و ورەى پێشمەرگەیش بەرزدەکاتەوە.
وەزیرى پێشمەرگە لە دیدارێکى ئاژانسى ئەسۆشیەتدپرێس، داوایشى لە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى کرد، بە هاناى خەڵکى کۆبانیوە بچن کە ئێستا زیاتر لە 130 هەزار کەسیان ئاوارەى باکوورى کوردستان بوون.
(مستەفاى سەیدقادر) پێیوایە، ئەگەر داعش لە عێراق و باشوورى کوردستان بشکێنرێت و لە سووریایش هێرش بکرێتە سەریان، ئەوان تووشى شکستى گەورە دەبن و بەرەو لەناوچوون دەچن.
وەزیرى پێشمەرگە راشیگەیاندووە، هێزەکانى پێشمەرگە ئامادەن بۆ هاوکاریکردنى کوردانى رۆژئاواى کوردستان، سەبارەت بە نەچوونیان تئێستایش، ئاماژەى دا، چوونى پێشمەرگە پێویستى بە فەرمانى حکوومەتى هەرێمى کوردستانە .
وەزیرى پێشمەرگە هاوکاریکردنى کوردانى رۆژئاوایش بە ئەرکێکى نیشتیمانى دەزانێت و دەڵێت: "ئەمە واجبێکى نیشتیمانییە کە بە هاناى کوردانى رۆژئاواى کوردستانەوە بچین."




