کوریای باشوور لە شەڕی تیرۆریستان و هاوکاریکردنی ئاوارەکاندا پاڵپشتی هەرێمی کوردستانە

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)، باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی لە شەڕکردن لە دژی تیرۆریستان کرد و سوپاسی وڵاتەکەیشی بە (سەرۆک بارزانی) ڕاگەیاند بۆ ئەو هەوڵانەی هەرێمی کوردستان بۆ حەواندنەوەی ئاوارەکان ئەنجامی داوە و، هێمای بەوەدا کوریای باشوور لە شەڕی تیرۆریستان و هاوکاریکردنی ئاوارەکاندا پاڵپشتی هەرێمی کوردستانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی ئەیلوولی 2014 لە سەڵاحەددین سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق(چۆ جونگۆن) و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق سوپاسی (سەرۆک بارزانی) کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتی دیدارەکە و، وێڕای ئاماژەدان بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە هەولێر و بەغدا بۆ دیپلۆماتکارەکان دوو جیهانی جیاوازن و زۆر بە ڕوونی هەست بە جیاوازیی نێوانیان دەکرێت و لە هەولێر هاتوچۆ و دڵنیایی زیاتر بۆ دیپلۆمات و بیانییەکان هەیە.
باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق ئەوەیشی باس کرد کە کۆمپانیاکانی کۆریای باشوور ئامادەن کە ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن و ئۆفیسی وڵاتەکەیشی لە هەولێر بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا. باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی لە شەڕکردن لە دژی تیرۆریستان کرد و سوپاسی وڵاتەکەیشی بە (سەرۆک بارزانی) ڕاگەیاند بۆ ئەو هەوڵانەی هەرێمی کوردستان بۆ حەواندنەوەی ئاوارەکان ئەنجامی داوە و، هێمای بەوەدا کوریای باشوور لە شەڕی تیرۆریستان و هاوکاریکردنی ئاوارەکاندا پاڵپشتی هەرێمی کوردستانە.
لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی سوپاسی باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق کرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی تیپی زەیتون لە شاری هەولێر کرد کە لە دوای ساڵی 2003 ڕۆڵێکی ئیجابی لە یارمەتیدانی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و قووڵکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و کۆریای باشووری گێڕاوە. سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە فراوانتربوونی پەیوەندییەکان کرد و ڕایگەیاند هەرێمی کوردستان ئامادەیە پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆریای باشوور بدات.
سەبارەت بە هەڕەشەکانی تیرۆر و بەرەکانی جەنگ سەرۆک بارزانی ئەوەی خستەڕوو کە تیرۆریستان لەسەر دەستی پێشمەرگە تووشی شکستی گەورە هاتوون و لە پاشەکشەدان و دووپاتی ئەوەی کردەوە کە تیرۆر هەڕەشەیەکە بۆ سەر هەموو جیهان بۆیە لەناوبردنیشی پێویستی بە هەوڵێکی نێودەوڵەتی و هەماهەنگی نێوان وڵاتان هەیە. هەر لەم دیدارە سەرۆک بارزانی پشتگیری لەو هەنگاوەی هێزە هاوپەیمانەکان کرد کە مۆڵگەی تیرۆریستانیان لەنێو خاکی سووریا کردۆتە ئامانج و ڕایگەیاند کە تیرۆریستان خاکی سووریایان وەک پەناگەیەکی ئارام و سەکۆیەک بۆ پەلاماردانی کوردستان و عێراق بەکار هێناوە و نەهێشتنی ئەم پەناگەیە لەناوچوون و تێکشکانی تیرۆریستانی داعش خێراتر دەکات.




