لە بودجەی 2014ـی مووسڵ، پشكی شێر بۆ ئاوارەكان دەبێت.. بەغدا وەك پێویست ئاوڕی لە ئاوارەكان نەداوەتەوە

مووسڵ-تایبەت بە KDP.info- لەبەر ئاوارەبوونی خەڵكێكی زۆر لە مووسڵ و دەوروبەری لە ترسی هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش، وا بڕیارە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە بودجەی 2014ـی ئەو پارێزگایە، پشكی شێر بۆ ئاوارەكان دابین بكات.
ئەندامی ئەنجوومەنی پاریزگای مووسڵ و سەرۆكی كوتلەی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (سەیدۆ شنگالی) بە PDK.INFO-ی ڕاگەیاند، "ئێمە لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ كاری سەرەكیمان خزمەتكردنی ئاوارەكانە، چونكە وەرزی زستان نزیك بووەتەوە و هەروەها زۆربەی ئاوارەكانیش لەناو قوتابخانەكانن و خوێندن دەستی پێ كردووە، دەبێت شوێنێكیان بۆ ئامادە بكەین، هەروەها خوشك و براكانمان ئاوارەكانی مووسڵ بە گشتی و شنگال بە تایبەتی، كە ئاوارە بوون تەنیا بە جلوبەرگی خۆیانەوە لە ترسی هەڕەشەی داش هەڵاتوون و هیچیان پێ نییە، بۆ یە لە هەموو روویەكەوە پێویستیان بە هاوكارییە و ئێمەیش رۆژانە سەردانی ئاوارەكان دەكەین و لە گلەیی و داواكارییەكانیان دەكۆڵینەوە و هەوڵی دابینكردنی پێداویستییەكانیان دەدەین".
سەرۆكی كوتلەی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ گوتیشی، لە بودجەی 2014 كە وا بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا بێتە پەسەندكردن، ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بریاڕی داوە پشكی شێر بۆ خوشك و برا ئاوارەكان تەرخان بكات، واتە زیاتر لە 50% و ئەوەی دیكەیش بۆ سێ بابەتی دیكە دابین بكرێت وەك گرێبەستەكان گرینگەكان و ئاوەدانكردنەوە و باری ئەمنی.
(سەیدۆ شنگالی) زیاتر ڕوونی كردەوە، "گلەیی لە حكوومەتی عێراق دەكەین و دەخوازین بەرپرسانی حكوومی لە بەغدا بێن لە نزیكەوە رەوشی ئاوارەكان ببینن، چونكە تاكو ئێستا وەك پێویست ئاوڕیان لە ئاوارەكان نەداوەتەوە، ئێمە دەمانویست زیاتر و گرینگی بە ڕەوشی ژیانی ئاوارەكان بدرایە بە تایبەت پارێزگای دهۆك كە نەك تەنیا ئاوارەی عێراقی تێدایە، بەڵكە ئاوارەكانی خەڵكی سووریایش لەو پارێزگایە نیشتەجێن و رێژەیەكی یەكجار زۆرن، بۆیە پێویستە هەموو لایەك لە هاوكاریكردنی ئەو ئاوارانە پاڵپشت و هاریكار بین تاكو بە ماڵوحاڵی خۆیان شاد دەبنەوە، راستە حكوومەتی فیدراڵ لیژنەیەكیان بۆ دابەشكردنی هاوكاریی ملیۆنێك دینار بۆ هەر خێزانێك ناردووە، بەڵام وەكو پێویست پارەكە نانێرن و دوا دەكەوێت، ئاوارەكانیش زۆر پێویستیان بە هاوكاری هەیە".
نەشوان بەرزنجی




