یەکیەتیی مامۆستایان: بڕیاری راگرتنی دەوامی خوێندنمان نەداوە..

ھەولێر-KDP.INFO- یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە کۆپیێکی بۆ KDP.INFO نێردراوە رایدەگەیەنێ، "ئێمە بڕیاری راگرتنی دەوامی خوێندنمان نەداوە، چونکە لەم ھەلومەرجە ناسکەدا کە کوردستان پێیدا دەڕوات و رووبەڕووی ھەڕەشەی تیرۆریستان بووەتەوە وێڕای کاریگەریی نەرێنی لەسەر نەوەکانمان، کاریگەریشی لەسەر ریزەکانی دواوەی گەلەکەمان بۆ پشتیوانیی ھێزی پێشمەرگە دەبێت."
دەقی ڕوونکردنەوەکەیە:
لەبەرامبەر دواکەوتنی مووچەدا ھەوڵێکی زۆر لەگەڵ ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەر لە سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمەوە تا دەگاتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و وەزارەتی دارایی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی درا، بۆ ئەو مەبەستە سێ یادداشتمان لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە ئاراستە کردوون.. دیارە بێجگە لە یادداشتیش ھەنگاوەکانی تری خەباتی مەدەنی ھەر لە رێپێوان و گردبوونەوە و تەنانەت راگرتنی وانەگوتنەوەش بە ڕەوا دەزانین، پێویستە بگوترێ ھەر ھەنگاوێک لەو ھەنگاوانە پێویستی بە بڕیاری مەرکەزی ھەیە لە مەکتەبی تەنفیزی یان بەپێی ئەو دەستەڵاتانەی دەدرێتە مەکتەبی سکرتاریەت.. لەمبارەیەوە بە پێویستی دەزانین روونی بکەینەوە نە مەکتەبی تەنفیزی نە مەکتەبی سکرتاریەت، بڕیاری راگرتنی دەوامیان نەداوە، چونکە لەم ھەلومەرجە ناسکەدا کە کوردستان پێیدا دەڕوات و رووبەڕووی ھەڕەشەی تیرۆریستان بووەتەوە، وێڕای کاریگەریی نەرێنی لەسەر نەوەکانمان، کاریگەریشی لەسەر ریزەکانی دواوەی گەلەکەمان بۆ پشتیوانیی ھێزی پێشمەرگە دەبێت."
بڵند ئیبراھیم




