ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە باکوور، هێشتا بێ کەمپ ماونەتەوە.. ئەمڕۆ هاوکاری کراون

هەولێر-KDP.INFO- چالاکوانێکی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە130ھەزار ئاوارەی خەڵکی کۆبانی ئاوارەی باکووری کوردستان بوون و ئەمڕۆیش ھاوکاری لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە بە سەر ئەو ئاوارانەدا دابەش کرا، بەڵام هێشتا بێ کەمپ ماونەتەوە.
چالاکوانی رۆژئاوای کوردستان(سەردار مەلادەرویش) کە ئێستا لەسەر سنوری نێوان کۆبانی و تورکیایە لە گوندی سورجێ، بە KDP.INFOی راگەیاند: تا ئەمڕۆ، ژمارەی ئەو ئاوارانەی کۆبانی چوونەتە خاکی باکووری کوردستانەوە، گەیشتووەتە زیاتر لە 130ھەزار کەس، کە لە ترسی ھێرشی داعش بۆ سەر کۆبانی ئاوارەبوونە."
(سەردار مەلادەرویش) گوتیشی: "هەر ئەمڕۆ، لەلایەن رێکخراوە مرۆییەکانەوە ھاوکاری بەسەر ئاوارەکاندا دابەش کراوە، بەڵام هێشتا کەمپیان بۆ دروست نەکراوە."
روونیشی کردەوە، "پێنجھەزار کەس کە زۆرینەیان گەنجن، دوای ئەوەی خێزانەکانیان گەیاندە سەر سنوور، ئەمڕۆ سێشەممە بۆ کۆبانی گەڕاونەتەوە بۆ ئەوەی شەڕ دژی داعش بکەن و پارێزگاری لە شارەکەیان بکەن."
ئەو چالاکوانە زیاتر گوتی، ئەو ئاوارانەی کە ئۆتۆمبێلەکانیان لەگەڵ خۆیاندا ھێنابوو، دوای ئەوەی چوونەتە باکووری کوردستان، داعش دەستی بەسەر ئۆتۆمبێلەکانیاندا گرتووە و بردوونی."
(مەلادەرویش) گوتیشی کە، شەڕ لەنێوان یەکینەکانی پەیەدە و چەکدارانی داعشدا بەردەوامە.
بڵند ئیبراھیم




