لیژنەی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە پێكهاتەكانی هەرێم پێك هێنرا

هەولێر-KDP.info- لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا، هەردوو لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمان سەبارەت بە پاڵاوتنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران و لیژنەی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە پێكهاتەكانی هەرێم، پێك هێنران.
سەعات 11-ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 23/9/2014 بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (یوسف محەممەد سادق) و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی پەرلەمان (جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی) و سكرتێری پەرلەمان (فەخرەدین قادر عارف)، دانیشتنی ژمارە (2)-ی ئاساییی خولی گرێدانی ساڵی یەكەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردن بەڕێوە چوو.
سەرەتا سەرۆكی پەرلەمان بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی خوێندەوە كە لە حەوت خاڵ پێك هاتبوو، خاڵی یەكەم بریتی بوو لە دەستلەكاركێشانەوەی (ئاری محەممەد عەبدولڕەحیم) لە ئەندامیەتیی پەرلەمانی كوردستان بەپێی مادەكانی (33 و 35)-ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە خوێندنەوە و گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەبڕیاری هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بەپێی ماددەی (94) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، خاڵی سێیەمیش بریتی بوو لە گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەبڕیاری پایتەختی ئاشتیی هەرێمی كوردستان و عێراق بەپێی ماددەكانی (72،74،75) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، خاڵی چوارەمیش بریتی بوو لە دەنگدان لەسەر ئەندامانی نوێی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەپێی ماەكانی (39 و 44) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، هەروەها خاڵی پێنجەمیش بریتی بوو لە خوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژەیاساكانی (هەمواری یەكەمی یاسای دەستەی گشتیی دەسپاكیی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 2011، یاسای پەروەردە لە هەرێمی كوردستان، یاسای رێكخستنی مافی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان)، خاڵی شەشەمیش بریتی بوو لە دروستكردنی لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە پاڵاوتنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران بەپێی بەندی (1) لە بڕگەی یەكەمی ماددەی (پێنجەم) لە یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ژمارە (4)ی ساڵی 2014، خاڵی حەوتەم و كۆتایی بەرنامەی كاریش بریتی بوو لە دروستكردنی لیژنەی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی مادەكانی (47،48،49،50) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو.
پاشان دانیشتنەكە بە خولەكێك وەستان بە بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدان و قوربانیانی كۆبانی دەستی پێ كرد و لەلایەن ئەندامی پەرلەمانی كوردستان (د. فرسەت سۆفی) بیرۆكەیەكی تێروتەسەل سەبارەت بە قەیرانی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان خرایە روو و تێیدا باس لە گێڕانەوەی باج و رسومات و چارەكردنی كێشەكانی پێشینەكان و ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتی و كرێی خانوو و كرێكاران و پیشەگەران و جووتیاران و بەروبوومی كشتوكاڵی و كۆنتڕۆڵكردنی نرخەكان و فەرمانبەران و نرخی نەشتەرگەری و نۆڕینگە و پشكنینی پزیشكی و پرسی خانەنشینی و تاپۆكردنی زەوییە نیشتەجێبووەكان و چۆنیەتیی چارەكردنیان كرابوو.
دواتر لەلایەن ئەندامی پەرلەمانی كوردستان (بەهزاد دەروێش) بیرۆكەیەكی دیكە سەبارەت بە ژینگە و هۆكارەكانی پیسبوونی و رەوش و گوزەرانی خەڵك و گرانبوونی كرێی خانوو خرایە روو.
ئینجا دەست كرا بە خاڵەكانی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە و بەپێی خاڵی یەكەمی بەرنامەی كاریش داواكاریی دەستلەكاركێشانەوەی (ئاری محەممەد عەبدولڕەحیم) لە ئەندامیەتیی پەرلەمانی كوردستان خرایە دەنگدانەوە و بە كۆی دەنگی 55 ئەندام داواكاریی دەستلەكاركێشانەوەكەی رەت كرایەوە.
سەبارەت بە خاڵی دووەمیش بە هۆی بوونی بیروبۆچوونی جیاواز سەبارەت بە چۆنیەتیی هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە پێشنیازی خوێندنەوە و گفتوگۆكردنی بە یەكەوە ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت، خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ رەت كرایەوە.
سەبارەت بە خاڵی سێیەمی بەرنامەی كاریش كە بریتی بوو لە گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەبڕیاری پایتەختی ئاشتیی هەرێمی كوردستان و عێراق، لەبەر ئەوەی تەنیا راپۆرتی لیژنەی كاروباری یاسایی ئامادە بوو، راپۆرتی لیژنەكانی ناوخۆ و كاروباری پێشمەرگە و كاروباری شەهیدان ئامادە نەبوو، بۆیە سەرۆكی پەرلەمان گفتوگۆكردنی پڕۆژەبڕیارەكەی بۆ كاتێكی تر دوا خست تا راپۆرتی هەرسێ لیژنە پەیوەندیدارەكان ئامادە دەبن.
بەپێی خاڵی چوارەمیش لەلایەن سكرتێری پەرلەمانەوە ناوی ئەندامانی نوێی لیژنە هەمیشەییەكان كە لەسەر داوای فراكسیۆنەكانیان بەسەر لیژنەكاندا دابەش كرابوون، بە دەنگدان پەسند كران.
سەبارەت بە خاڵی پێنجەمی بەرنامەی كاریش خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەبڕیاری هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان كرایەوە لەبەر ئەوەی لە خاڵی دووەمی بەرنامەی كاری ئەمڕۆدا بە هۆی نەبوونی راپۆرتی لیژنەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە و شەهیدان دوا خرا و ئاراستەی هەرسێ لیژنەكە كرایەوە، هەروەها خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاساكانی (هەمواری یەكەمی یاسای دەستەی گشتیی دەسپاكی، یاسای پەروەردە، یاسای رێكخستنی مافی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان) كران و ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەكان كران بە مەبەستی ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی لەبارەیەوە.
دوای پشوویەك، دانیشتنەكە سەعات 4ی ئێوارە دەستی پێ كردەوە و بەپێی خاڵی شەشەمی بەرنامەی كار كە بریتی بوو لە دروستكردنی لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە پاڵاوتنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەوە دا كە یادداشتێكیان لە بەردەستدایە كە لەلایەن پێنج فراكسیۆنەوە واژۆ كراوە و تیایدا هەریەك لە فراكسیۆنەكانی پارتی و گۆڕان و یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ داوایان كردووە كە ئەم 8 كەسە كە ئەمە ناوەكانیانە (ئومێد عەبدولرەحمان، رابوون تۆفیق مەعروف، بێگەرد دڵشاد، ئەبوبەكر عومەر، حوسێن ئیسماعیل ناسراو بە مەروان گەڵاڵی، ڤالا فەرید، بەهار مەحموود فەتاح، گۆران ئازاد) ببن بە ئەندام لە لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە پاڵاوتنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، ئەو داواكارییەشی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرا.
بەڵام ئەمە لەلایەن فراكسیۆنەكانی تری پەرلەمان ئەوانەی كە كورسییان كەمە و لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پێكهاتەكانی كلد و ئاشوور و توركمانەكان ناڕەزایی لێ كەوتەوە بەوەی كە بۆچی ئەوان لەو لیژنەیەدا ئەندامیان نییە و فەرامۆش كراون.
سەبارەت بە خاڵی حەوتەم و كۆتایی بەرنامەی كاریش كە بریتی بوو لە دروستكردنی لیژنەی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی پەرلەمان ناوی ئەو كەسانەی خوێندەوە كە بەپێی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان فراكسیۆنەكان كراوە دانراون بۆ ئەندامیەتی لەو لیژنەیە كە بریتی بوون لە (بەیار تاهیر، شامۆ شێخۆ نەعمۆ، ڤالا فەرید، جوان ئیسماعیل، بێستون فایەق، تەلار لەتیف، سالار مەحموود، سۆران عومەر، بەهار عەبدولرەحمان، ئایدن سەلیم مەعروف، وەحیدە یاقۆ)، ئەم ناوانە خرانە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسند كران.
لە كۆتایی دانیشتنەكەدا سەرۆكی پەرلەمان ئەو پرسیارانەی خوێندنەوە كە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە ئاراستەی حكوومەت و وەزیرەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرابوون و بەم جۆرە كۆتایی بە دانیشتنەكە هێنا.




