لەبەر بۆنەیەكی شیعەكان، كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق پێش خرا

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی كورد رایگەیاند، بڕیار بوو دووسبەی پەرلەمانی عێراق كۆ ببێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی رۆژی پێنجشەممە بۆنەیەكی شیعەكان هەیە و كرایە پشوو، كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ سبەی پێش خرا و تێیدا باس لە دوو خاڵ دەكرێت.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (ئەشواق جاف) بە kdp.infoی گوت، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی پێنجشەممەی بە بۆنەی یادی كۆچكردنی ئیمامێكی شیعە كردووەتە پشوو، بۆیە پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەی خۆی لە رۆژی پێنجشەممەوە بۆ سبەی چوارشەممە پێش خست.
سەبارەت بە كارنامەی كۆبوونەوەكە، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی دا، لە كۆبوونەوەی سبەیدا باس لە دوو خاڵ دەكرێت، یەكەم سوێندنخواردنی هەندێك پەرلەمانتار لە شوێنی ئەوانەی بوونەتە وەزیر و خاڵی دووەمیش خوێندنەوەی یەكەم بۆ چوار پڕۆژەیاسا دەكرێت.
(جاف) زیاتر گوتی، سبەی دواكۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەبێت و تاوەكو دوای جەژن هیچ كۆبوونەوەیەكی دیكە ئەنجام نادەن.
بڵندئیبراهیم




