ڕەنگە دەستبەكاربوونی وەزیرە كوردەكان بكەوێتە دوای جەژنی قوربانەوە

بەغدا-KDP.INFO- پەرلەمانتارێكی كورد ڕایگەیاند، بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات. هاوكات بە دووریشی زانی پێش جەژنی قوربان وەزیرە كوردەكان لە حكوومەتی عێراقدا دەستبەكار بن.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی كۆمەڵی ئیسلامی (مەلاسەلیم شووشكەیی) بە KDP.INFO-ی گوت، بە مەبەستی چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات، چونكە كوتلەكانی ناو پەرلەمانی عێراق سوورن لەسەر ئەوەی ئەو كێشانە چارە بكرێن، بۆیە ئەمەیش پێویستی بە دانیشتن هەیە.
(شووشكەیی) گوتیشی، كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق تاوەكو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبن و تاوەكو ئێستا هیچ باسێك نییە وەزیرە كوردەكان بەم زووانە بێنە پەرلەمان سوێندی یاسایی بخۆن.
ئەو پەرلەمانتارە هەروەها ڕوونیشی كردەوە، "بڕوا ناكەم پێش جەژنی قوربان وەزیرەكان دەستبەكار بن و رەنگە بكەوێتە دوای جەژنەوە".
بڵند ئیبراهیم




