٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كەمال كەركووكی: ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانین لە هەر شوێنێكی كوردستان پێویست بێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، "ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانین لە هەر شوێنێكی كوردستان پێویست بن، چ لە باشوور چ لە رۆژئاوا كە دڵنیاین رۆڵە سەربەرزەكانی گەلەكەمان سەركەوتن بە دەست دێنن و تەمەنی تیرۆریستانیش كورت بووەتەوە و سەركەوتن بۆ پێشمەرگە و گەلی كوردستانە."

ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان (د. كەمال كەركووكی) بۆ KDP.info گوتی، "خوشك و براكانمان لە رۆژئاوای كوردستان ئەمڕۆ بەرەوڕووی هێرشێكی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش بوونەتەوە، بۆیە لەسەر هەموو مرۆڤێكی بەویژدان و خاوەنهەڵوێست پێویستە بە هەموو تواناوە پشتیوانییان بكەن جا لە كۆبانی بێت یان لە هەر شوێنێكی دیكەی كوردستان."
گوتیشی، "سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) لە سەردانی رۆژەكانی دوایی جەژندا بۆ دەڤەری بادینان، زۆر راشكاوانە رایگەیاند كە ئەگەر تیرۆریستان هێرش بكەنە سەر خوشك و براكانمان لە رۆژئاوا، بە هەموو تواناوە هاوكارییان دەكەین. لەم رۆژانەیشدا پەیامێكی ڕاگەیاند كە هەموو ناكۆكییەك بەلاوە بنرێت و هەموومان بەرگری لە كۆبانێ بكەین، ئێستایش ئێمە لە بەرەكانی پێشمەرگە سەربەرزەكانەوە لە میحوەری دوبز-كەركووك، رایدەگەیەنین كە ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانین لە هەر شوێنێكی كوردستان پێویست بكات، چ لە باشوور چ لە رۆژئاوا كە دڵنیاین رۆڵە سەربەرزەكانی  گەلەكەمان سەركەوتن بە دەست دێنن و تەمەنی تیرۆریستانیش كورت بووەتەوە و سەركەوتن بۆ پێشمەرگە و گەلی كوردستان نزیكە."
(كەركووكی) هەروەها ئاماژەی دا، "ئێمە وەكو گەلێك كە دوو جار لە كوردستانی عێراق تووشی جینۆساید بووین، لە ئاكامی سیاسەتی هەڵەی دەوڵەتی عێراق بووە، ئەمڕۆیش دەبینین لە رۆژئاوا گەلەكەمان ڕووبەڕووی دڕندەترین تیرۆریستانی ئەم سەردەمەن، بۆیە وەكو گەلی كوردستان و نەتەوەی كورد و هەموو مرۆڤێكی دڵسۆز، لە دڵماندا سنوور بۆ هاوكاریی یەكدی نییە بەپێی ئەو تایبەتمەندییەی لە هەر پارچەیەكی كوردستان هەیە، دڵنیایشم (سەرۆك بارزانی) و دامودەستگە فەرمییەكانمان ئەو رێوشوێنە یاساییانە دەگرنە بەر بۆ ئەوەی خوشك و براكانمان لە هێرشی تیرۆریستان بپارێزن و تیرۆریستانیش تێك بشكێنن."
بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان بڕوایشی وایە كە، "ئەمڕۆ كۆدەنگییەك لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دژی ئەو گرووپە تیرۆریستییە هەیە، بەڵام كەمێك درەنگ دەكەونە خۆ و جووڵە دەكەن، دەبێت گەلی كوردستان چاوەڕێی ئەوان نەكات و پێویستە لەگەڵ برا و خوشكەكانمان لەو پارچەیەی كوردستان لەسەر خەت بین كە ئەویش ئاكامی سیاسەتی هەڵەی دەوڵەتە زلهێزەكانی دوای جەنگی یەكەمی جیهانە، بۆیە دەبێت وەكو نەتەوەی كورد و گەلی كوردستان خۆمان بپارێزین و لە هەمان كاتیشدا كە هاوكاری و پشتیوانیی دیكەی دەرەكییش هات، بەخێر بێت، بەڵام هەتا هیی ئەوان دێت نابێ چاوەڕێ بكەین و پێویستە هەوڵ بدەین خوشك و براكانمان پارێزراو بن و لەسەر خاكی خۆیان بتوانن تیرۆریستان تێك بشكێنن".
(د. كەمال) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "كۆنگرەی نەتەوەیی ئەمڕۆی كوردستان ئەوەیە پێكەوە هاوكار و پشتیوانی یەكدی بین تا ئەو تیرۆریستانەی كە ناویان لە خۆیان ناوە دەوڵەتی ئیسلامی و بە داعش ناسراون، بشكێنین كە ئەمڕۆ رۆژی ئەو هەنگاوەیە و ئەوەیش خۆی بۆ خۆی كۆنگرەی نەتەوەییە، چونكە بابەتە فەرمی، كۆبوونەوە و بڕیار لە كاتی گونجاودا قسەیان لەسەر دەكرێت، بەڵام ئێستا دەبێت بەو رۆحیەتە كار بكەین كە كۆنگرەیش ئەنجام دراوە و كوردیش هەر یەكهەڵوێستە، چونكە گەلی كوردستان ئەوەیان لە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەوێت و دەخوازن لەو مەترسی و هەڕەشانە بپارێزرێن".
 

هەواڵی پەیوەندیدار