هێزی كۆماندۆی زێرەڤانی بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەیە.. هێشتا هەزار خێزان لە چیای شنگال ماون

شنگال-KDP.info- بەرپرسێكی هێزەكانی زێرەڤانی ڕایدەگەیەنێت، بە بڕیاری (سەرۆك بارزانی) وەكو هێزێكی ئامادە لە چیای شنگالن و بۆ هەموو بەرگری و رووبەڕووبوونەوەیەكیش ئامادەن. دەشڵێت، چەكدارانی داعش لەو سنوورە جموجۆڵیان نەماوە و زۆریش خۆیان لە بەرەوڕووبوونەوەی هێزی پێشمەرگە دەپارێزن.
موقەددەمی بەتالیۆنی دووی هێزی كۆماندۆی سەر بە زێرەڤانی (یاسین رەفیق عەزیز) لە چیای شنگالەوە بە KDP.info-ی ڕاگەیاند، "ئێمە وەكو پێشمەرگەكانی زێرەڤانی بە بڕیاری جەنابی (سەرۆك بارزانی) هاتووینەتە چیای شنگال و و مردن و ژیانمان لەگەڵ ئاوارەكانی چیای شنگالە، وەكو هێزێكی ئامادەیش لە هەر كوێیەك گوشار هەبێت، دەچین جا چ لە سنوونێ بێت یاخود لە گەلی كەرتێ و هەر شوێنێكی دیكە، بە گشتی لەو سنوورەیشدا بۆ هەموو بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەیەك لە ئامادەباشیداین".
سەبارەت بە جموجۆڵی چەكدارانی تیرۆریستی داعش و دروستكردنی گوشار لەو سنوورە، موقەددەم (یاسین) گوتی، "بە گشتی چەكدارانی داعش لەو سنوورەدا جموجۆڵیان نەماوە و هەڵدێن، زۆریش خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەپارێزن، ئێمەیش رۆژانە چاودێرییان دەكەین و بەپێی زانیارییەكان، تیرۆریستانی داعش دەستیان بە تاڵانكردنی ماڵی برا ئێزدییەكان كردووە و هەندێك لە ماڵەكانیش دەتەقێننەوە و چەك و كەلوپەلەكانی خۆیشیان لە رێگەی ئۆتۆمبیلی بارهەڵگرەوە دەگوازنەوە ناو سووریا و بەرەو ئەو وڵاتە دەچن".
ئەو موقەددەمەی بەتالیۆنی دووی هێزی كۆماندۆ، سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانییشی كرد بۆ ئەو هاوكاری و دابینكردنی پێداویستیانە كە بەردەوام دەیانگەیەننە ئاوارەكانی چیای شنگال ئەوانەی كە تا ئێستایش لە چیای شنگال ماون و هەر لە گوندەكانی خۆیانن. داواكاریشە هاوكارییەكان بۆ ئەو ئاوارانە زیاتر بكرێن كە هێشتا لەو سنوورە ماونەتەوە كە نزیكەی هەزار ماڵ دەبن.




