واشنتۆن و وڵاتانی عەرەب، مۆڵگەکانی داعشیان بۆردوومان کردن

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانی، هەڵمەتی ئاسمانییان بۆ سووریا ئەنجام دا و پێگەکانی داعشیان کردنە ئامانجی مووشەکەکانیان. دیمەشقیش دەڵێ واشنتۆن باڵیۆزی وڵاتەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگادار کردووەتەوە.
گوتەبێژ بە ناوی پێنتاگۆن(جۆن کێربی) ئەمڕۆ سێشەممە لە بەیاننامەیەکەدا رایگەیاند، "هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی هەڵمەتی سەربازیی ئاسمانییان بۆ سەر پێگەکانی چەکدارانی داعش لە سووریا ئەنجام داوە و بە مووشەکی تۆماهۆک لێیان داون." زیاتر گوتی "بە هۆی ئەوەی پرۆسەی بۆردوومانەکە بەردەوامە، لە ئێستادا ناتوانین وردەکاریی زیاتر بخەینە ڕوو."
بە گوتەی گەورەبەرپرسێکی سەربازیی ئەمەریکاییش کە بۆ سی ئێن ئێن قسەی کردووە، لە دەریاوە و مووشەکی تۆماهۆک بە مۆڵگەکانی لە سووریاوە نراون و بە دوای ئەویشدا، فڕۆکە شەڕکەرەکان گورزیان لە چەکدارانی داعش وەشاندوون.
بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکایی بە ڕۆیتەرزی گوتووە، ئەو گورزانەی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ئەم سەرلەبەیانییە وەشاندوویانن، پێگەکانی دەوڵەتی ئیسلامییان لە شاری ڕەققە و هەروەها ناوچەیەکی سنووری عێراق کردوونەتە ئامانج.
هاوکات بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکا بە کەناڵی ئێن بی سی نیوزی گوتووە، سوپای ئەمەریکا پلانی هەیە نزیکەی 20 شوێن بکاتە ئامانج کە شوێنە لۆجیسیکییەکان و وێستگەکانی سووتەمەنی و چەک و سەربازگەکانیان کە بۆ مەشقیان تێدا دەکرێ و شوێنی گرینگی دیکە، لەخۆ دەگرن.
ڕوانگای مافەکانی مرۆڤ لە سووریایش رایگەیاند، فڕۆکەی هاوپەیمانان نزیکەی 20هەڵمەتیان بەرپا کردوون و بە مووشەک بارەگا و پێگەکانی داعشیان لە ڕەققە و دەوروبەری لە ڕۆژئاوا و باکوورییەوە، هەروەها لە ناوچەکانی تەبەقە و عەین عیسایان کردوونەتە ئامانج.. کە بە هۆیانەوە زیانی گیانی لە ڕیزەکانی داعشدا لی کەوتووەتەوە.
ئەگەرچی ئەمەریکا هێشتا ئاشکرای نەکردووە کە کام لە وڵاتە هاوپەیمانە عەرەبەکانی لەم هەڵمەتی گورزوەشاندنانەدا لەگەڵیدا بەشدار بوون، بەڵام ڕۆیتەرز زانیویەتی کە، هەریەکە لە، سعوودیە، ئیمارات، ئەردەن و بەحرێن لەو هەڵمەتی گورزوەشاندنانەدا بەشدار بوون و هێزی ئاسمانیی ئەردەنیش جەختی لە بەشداریی وڵاتەکەی لەو هەڵمەتەدا کردووەتەوە و دەگوترێ کە ڕۆڵی بەرچاوێشی هەبووە.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆیتەرزیش، 50 هەڵمەتی سەربازیی ئاسمانی بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش ئەنجام دراون، کە بە هۆیەوە 20 چەکداری داعش کوژراون.
زریان زیاد




