مالیكی و كەسوكارەكەی دەستیان بەسەر ژمارەیەكی زۆر خانووبەرەی ناوچەی سەوزدا گرتوون

بەغدا-KDP.INFO- دەستەی گشتیی دەستپاكیی عێراقی ئەوەی ئاشكرا كرد، كە خودی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق(نووری مالیكی) و كەسوكار و نزیكەكانی، دەستیان بەسەر ژمارەیەكی زۆر لە خانوو و موڵكەكانی ناوچەی سەوزدا گرتووە.
سەرچاوەیەك لە دەستەی دەستپاكیی عێراقی ئەوەی ئاشكرا كرد، كە لە ماوەی پێشوودا، چەند سكاڵایەكیان لەلایەن چەند كەسێكەوە لە بارەی دەستبەسەرداگرتن و گواستنەوەی خاوەندارێتیی موڵكەكانی ناوچەی سەوزی بەغدا لەلایەن خودی (نووری مالیكی)-یەوە بۆ كەسوكارەكانی و نزیكەكانی پێگەیشتووە ، ئەمانیش لەلای خۆیانەوە بە شێوەیەكی زۆر نهێنی بەدواداچوونیان بۆ ئەم سكاڵایانە كردووە و گەیشتوونە بە ئەو ڕاستییەی كە ئەو سكاڵایانە ڕاستن و ئەو كردارانە ڕوویان داوە.
سەرچاوەكە زیاتر گوتویەتی، ژمارەیەك نووسراو و بەڵگەنامەیان بە دەست گەیشتوون كە تاوەنباربوونی (مالیكی) بەو گەندەڵییە كارگێڕییە كە دەستبەسەراگرتنی موڵك و ماڵی دەوڵەتە پشتڕاست دەكاتەوە.
زیاتر گوتی، دیارترین ئەو كەسانەی كە ناویان لەو بەڵگەنامانەدا هاتووە و موڵكەكان كراوە بەناویانەوە بریتین لە: (یاسر مالیكی، حوسێن مالیكی) كە خێزانەكانیان كچی (نووری مالیكی)-ن، هەروەها (عەلی مالیكی)-ی برازای و لەگەڵ چەندین كەس لە كەسەكانی سەركردایەتیی حیزبی دەعوە باڵی (مالیكی).
سەیر لەوەدایە كرداری گواستنەوە موڵكدارێتیی ئەو موڵكانە، بە چەند سەعاتێک بووە پێش كێشانەوەی خۆپاڵاوتنی (نووری مالیكی) بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، ئەنجام دراون.
سەرچاوەكەی دەستەی دەستپاكی گوتی، لەئێستادا لێكۆڵینەوە لەو دۆسێیە بەردەوامە و خەریكی كۆكردنەوەی بەڵگەنامەی زیاترن تا پێشكەش بە دادگای بكەن.
هیوا حوسێن ئەمین




